
زانکۆی سەڵاحەدین ڕاپرسی بۆ بڕیاری یەکپۆشی قوتابیان ئەنجام دەدات
زانکۆی سەڵاحەدین هەوڵێر، دوای ئەوەی بڕیاری یەکپۆشی بۆ قوتابیانی زانکۆ دەرکرد، لەئێستادا بەشێوەیەکی مەیدانی و لەنزیکەوە لەکۆڵێژەکان ڕاپرسی بۆ بڕیارەکە لەنێو قوتابیان ئەنجام دەدرێت.
قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەدین بەشێوەیەکی ئازادانەو ڕاستەوخۆ لەڕێگەی فۆڕمێکەوە ڕای خۆیان لەسەر بڕیاری یەکپۆشی و ڕێک پۆشی دەردەبڕن و خۆیان دەبنە خاوەنی بەڵێ و نەخێری بڕیارەکە.
پ.ی.د.کامەران یونس محمد سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین هەوڵێر، وەک پاڵپشتیەک بۆ سەرخستنی ڕاپرسیەکەو لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی قوتابیان، بودجەیەکی تایبەتی بۆ ئەو قوتابیانە تەرخان کردوە، کە توانای ماددیان وەکو پێویست نیەو لەڕێگەی ڕاگرایەتی کۆڵێژەکانەوە هاوکاری تەواویان دەکرێت.
هەڵمەتی ڕاپرسی بۆ یەکپۆشی قوتابیان لەڕێگەی لیژنەیەکی باڵاوە کە نوێنەرایەتی قوتابیانیش تێیدا بەشدارن، دەستی پێکردوەو لەڕۆژانی داهاتووش سەردانی مەیدانی بۆ کۆڵێژەکان بەردەوامی دەبێت.
دوای کۆتایی هاتنی ڕاپرسیەکە، ئەنجامەکان بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بۆ ڕای گشتی و قوتابیان ڕادەگەیەنرێت.
ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر