
لەداوی سەرهەڵدانی نەخۆشی ناسراو بە COVID19 کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناSARS COV-2 دروست دەبێت، زۆرێک لە کۆمپانیاکان کێبرکێی دروستکردنی کیتی پشکنینی خێرای ئەم ڤایرەسە دەکەن، وەک کۆمپانیاکانی ئەمریکا و ئنیگلترا و ئەلمانیا و چین. وە ئێستا لە بازارەکانی جیهان پروپاگەندەی بۆ دەکرێت کە دەتوانن لەماوەی ٥ تا ١٥ خوولەک ئەنجامی پشکنینەکە ڕابگەیەنن.
پرسیار: ئایا جیاوازی چیە لە نێوان ئەم پشکنینە خێرایانە لەگەڵ ئەو پشکنینەی کە لە تاقیگەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان و ووڵاتان بەکاردەهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرەسەکە؟
وەڵام: لە پشکنینە خێراکە ئەنجامەکە پشت دەبەستی بە وەڵامدانەوەی بەرگری لەشی کەسی تووشبوو، واتە کاتێک لەشەی نەخۆشەکە بەرگری بەرامبەر بە ڤایرەسەکە دروست دەکات ئەوا خانەکانی B cell دەست دەکەن بە دروست کردنی دژەتەنێک دژی ڤایرەسەکە، وە لە ڕێگای دەستنیشانکردنی ئەم دژەتەنە بڕیار دەدرێت کە کەسەکە تووشبوی نەخۆشیەکەیە یان نا.
پرسیار: ئایا ووردی پشکنینەکە تا چ ڕادەیەکە بە ڕێگەی خێرا؟
وەڵام: بنەمای پشکنینە خێراکە لە جۆری Immunochromatography ە، کە ئەو پادەی کە لەناو ستریپەکە دا هەیە دژی دژەتەنەکەی Anti- antibody تێدایە وە کاتێک دژەتەنەکە لەناو خوێنی نەخۆشەکە هەبێت ئەوا کارلێک دەکات و هێڵێکی ڕەنگ سوور دروست دەبێت.
پرسیار: ئەو پشکنینەی کە لە تاقیگەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بەکاردێت لەسەر چ بنەمایەک کاردەکات؟
وەڵام: لەم جۆرەدا، جیاواز لە جۆری پشکنینی خێرا! پشکنینەکە پشت دەبەستێت بە هەبوونی خودی ڤایرەسەکە لە لەشی نەخۆشەکەدا، نەوەک لەسەر وەڵامدانەوەی بەرگری لەشی نەخۆشەکە، بە تەکنیکێک پێی دەترێت reverse transcriptase real time PCR.
ووردی ئەم پشکنینە ئەگەر هیچ هەڵەیەک لە کاتی نموونە وەرگرتن ڕوونەدات ئەوا ڕێژەی هەڵە تێیدا زۆر کەمە بە ڕادەیەک دەگاتە 0%.
بۆیە بانگەشەکردن بۆ دابینکردنی پشکنینی ئەم نەخۆشیە بە تەکنیکی خێرا هەڵەیەکی گەورەیە چونکە چەند هۆکارێک هەن دەبێت لەبەر چاو بگیرێت وەک ئەوەی کە ووتمان ئەم جۆرە پشکنینانە پشت دەبەستێت بە دژەتەنی جۆری polyclonal Ab کە ئەم جۆرە ئەنجامی پشکنینەکەی زۆر وورد نیە وە لەوانەیە ئەنجامەکە بە هەڵە دەستنیشان بکات وە هەروەها هۆکارێکی تر کە زۆر گرینگە ئەویش ئەوەیە کە لەشی مرۆڤ کاتێک بۆ جاری یەکەم تووشی نەخۆشیەک دەبێت وەک حاڵەتی ئێستا کە میکرۆبەکە نوێیەو وە یەکەم جارە دێتە ناو لەشی نەخۆشەکە. لەو حاڵەتە پێویستی بە ١٠ تاوەکو ١٤ ڕۆژ هەیە تاوەکو لەشمان دژەتەن بەرامبەر بە ڤایرەسەکە دروست بکات. وە ئەگەر جاری دووەم تووش بوو، ئەوا پێویستی بە ٥ تا ٧ ڕۆژ دەبێت تاوەکو دروستی بکات.
کەواتە ئەنجامی پشکنینەکە بە پێچەوانەوە هیچ خێرا نیە بەڵکو بگرە تاخیریشە.
تەنها لە حاڵەتێک دەتوانین بەکاری بهێنین ئەگەر هاتوو پاش ماوەیەکی زۆر بۆنموونە ئەگەر بوو بە پەتایەکی وەرزی ئەوا دەکرێت ئەم پشکنینە بەکاربهێنرێت چونکە لەو حاڵەتە لەشمان دژەتەنی بەرامبەر دروست کردوە وە خانەی بیرخەرەوە لە لەشمان بە خێرای دژەتەن دروست دەکات بەڵام دووبارە ئەم پشکنینە بۆ ئێستا هەڵەیە بۆ پشت پێبەستن.
لێرەدا پێویستە سوپاسی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی بکەین کە بڕیاریاندا کە پشت بەم جۆرە پشکنینە خێرایانە نەبەستن چونکە دەستنیشانکردنی هەڵە دەدات بە لایەنی پەیوەندیدار.
وە هەروەها پێویستە ڕۆڵی ئەو کارمەندە بایۆلۆجیە ماندوو نەناسانە لەبیرنەکرێت کە شەو و ڕۆژیان لەسەر یەک داناوە و شان بەشانی پزیشکەکان شەری نەهێشتنی ئەم ڤایرەسە دەکەن.
چونکە زنجیرەی دەستپێکردنی چارەسەر لە ئەنجامی پشکنینی نەخۆشیەکە دەستپێدەکات کە کارمەندێکی بایۆلۆجی بڕیاری لەسەر دەدات. وە کۆتا زنجیرەی ڕاگرتنی چارەسەریش دووبارە لەسەر ئەنجامی نێگەتیڤی نەخۆشیەکەیە کە کارمەندی بایۆلۆجی بڕیاری لەسەر دەدات.لێرەوە من بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین و گشت مامۆستایانی بەشی بایۆلۆجی کۆلیژی زانست زۆر سوپاسی ئەم بایۆلۆجیە ماندوو نەناسانە دەکەم و هیوادارم هەر ساغ و سەلامەت بن و دووربن لە تووشبوون بەم نەخۆشیە.
پ.ی.د.فکری علی قادر
سەرۆکی بەشی بایۆلۆجی
ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرەسی کۆڕۆنا/ زانکۆی سەلاحەدین