
سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی کوڵێژەکان کۆبووەوە
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێککەوتی ۱۷ ی تشرینی یەکەمی ۲٠۲۲، پ.ی.د.کامەران یونس محەمەدئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرمانبەران لە کۆلێژەکانی سەربە زانکۆمان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەچوو، ئامادەبووان بەڕاشکاوی داواکاریی و پێشنیازی خۆیان و هاوپیشەکانیان گەیاندە سەرۆکی زانکۆ، لەچەسپاندنی دادپەروەریی و یەکسانی لەنێوان پێکهاتەکانی زانکۆ و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
لای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆ باسی لە گرنگی ڕۆڵی فەرمانبەران لە کۆلێژەکان کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لەنزیکەوە لەگەڵ ئەو توێژە گرنگەی زانکۆ کۆ دەبێتەوە.
لەکۆتاییدا سەرۆکی زانکۆ بەڵێنیدا کێشەکانی فەرمانبەران چارەسەر بکات و بەدواداچوون بۆ داواکاریەکانیشیان بکات.
بڕیارە ئەم دیدارانەی سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیانی زانکۆ بەردەوامیی هەبێت.