
رێزدار (مه‌سرور بارزانی) سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له رێوڕه‌سمی ده‌رچووانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له هه‌ولێر پیرۆزبایی له ده‌رچووان كرد و رایگه‌یاند، به به‌شداریكردن له رێوڕه‌سمی ده‌رچووانی 38همین خولی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین خۆشحاڵه، كه تێیدا زیاتر له 5 هه‌زار قوتابی خوێندنی زانكۆیی له 15 كۆلێژی زانكۆكه‌یان ته‌واو كرد و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسیان به‌ده‌ست هێناوه.
سه رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان سوپاسی سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆ و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی كرد كه رۆڵیان له پێگه‌یاندن ئه‌و قوتابییانه هه‌بووه. هه‌روه‌ها سوپاسی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد، كه بۆ پاراستنی ئارامیی و سه‌قامگیریی، گیانی خۆیان به‌خت كردووه.
روونیشی كرده‌وه، له كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا، په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا گرنگیی تایبه‌تیان پێ دراوه، ئه‌و كه‌رتانه‌ش زامنی ئابوورییه‌كی به‌هێز و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سه‌قامگیرن. مه‌سرور بارزانی دووپاتیشی كرده‌وه، گرنگیی زیاتر به توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌ده‌ن و پشتیوانی له توێژه‌ره سه‌ركه‌وتووه‌كانی زانكۆ ده‌كه‌ن.
په‌یوه‌ست به په‌ره‌پێدان به‌و كه‌رته رایگه‌یاند، زانكۆكان باشتر ئاماده ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه زانستییه‌كانیان ببه‌سترێنه‌وه به چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و په‌ره به پرۆگرامه‌كانی خوێندن بده‌ن و له سیسته‌مه پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان نزیك بكه‌ونه‌وه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاستی كارامه‌یی و لێهاتوویی ده‌رچووان ده‌بێت.
باسی له‌وه‌ش كرد، بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌مساڵ توانرا 96% ده‌رچووانی 12ی ئاماده‌یی له زانكۆ و په‌یمانگا حكوومییه‌كان وه‌ربگیرێن و كرێی خوێندن له خوێندنی پاڕالێل به 45% كه‌م بكه‌ینه‌وه.
هاوكات په‌یامێكی ئاراسته‌ی ده‌رچووان كرد و رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی فێربوون لێره‌دا كۆتایی نایه‌ت و ده‌بێت به‌رده‌وام بن له په‌ره‌پێدانی تواناكانتان و بڕواشتان به تواناكانتان هه‌بێت.
روونیشی كرده‌وه ئێوه مافی ره‌وای خۆتانه كه خه‌ونی به‌ده‌ستهێنانی هه‌لی كار و ئابوورییه‌كی سهقامگیرتان هه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ش له به‌رچاو بگرن، كه حكوومه‌ت ناتوانێت هه‌لی كار بۆ هه‌موو ده‌رچووانی زانكۆ ته‌رخان بكات، به‌ڵكوو ده‌بێت كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رته پیشه‌سازییه‌كان به‌شدار و هاوكار بن.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، هه‌وڵێكی چڕیان داوه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ، بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه هه‌ڵواسراوه‌كان و پێشكه‌وتنی زۆر له‌و گفتوگۆیانه‌دا هاتوونه‌ته ده‌ست و چاوه‌ڕێن بگه‌نه ئه‌نجام و رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر گرفته‌كان.
باسی له‌وه‌ش كرد، كه له چه‌ند رۆژی رابردوودا، هه‌ندێك نائارامیی له عێراق روویان دا و گوتی: "ئێمه پشتیوانی له مافه ره‌واكانی هاووڵاتیان ده‌كه‌ین، هاوكات پشتیوانیی حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كه‌ین له دابینكردنی مافی هاووڵاتیان".
مه‌سرور بارزانی، سه‌باره‌ت به دۆخی رۆژئاوای كوردستان رایگه‌یاند، له سووریا رووداوی خێرا رووده‌ده‌ن، له‌و پێشهاتانه‌ی له‌وێ رووده‌ده‌ن نیگه‌رانین و دژی هه‌موو توندوتیژییهكین، پێمانوایه ته‌نیا به گفتوگۆ، ئاشتی و سه‌قامگیریی دێته‌دی.
روونیشی كرده‌وه، چاره‌سه‌ری ئاشتییانه و دادپه‌روه‌رانه كه مافی هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات، تاكه رێگه‌یه بۆ هێنانه‌دی سه‌قامگیریی به‌رده‌وام له ناوچه‌كه و هاوخه‌میشی بۆ كه‌سوكاری قوربانییان و هاووڵاتیانی سڤیل ده‌ربڕی و هیوای خوست به زووترین كات ئه‌م شه‌ڕه كۆتایی بێت.
له كۆتایی گوته‌كه‌یدا، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستانی كرد و داوای كرد خه‌ڵك و حكوومه‌ت به یه‌كه‌وه رووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كان ببنه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر بارودۆخی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتان و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر به‌راورد بكه‌ین، ده‌بینین كه هه‌رێمی كوردستان له ئاستێكی باشتر و ئارامتر و به‌رزرتر دایه، بۆیه پێویسته به هه‌مووان بیپارێزێن.
گوتیشی: "ئێمه ئه‌ركی پاراستنی مافه‌كانی ئێوه و خزمه‌تكردنی ئێوه‌مان له‌سه‌ر شانه، با به‌یه‌كه‌وه كوردستانێكی به‌هێز بنیات بنێین".
له كۆتاییشدا گوتی: "پیرۆزبایی له سه‌رجه‌م ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی دیكه‌ی كوردستان ده‌كه‌م و هیوای دوارۆژێكی گه‌شتان بۆ ده‌خوازم.. هه‌میشه شاد و سه‌رفراز و سه‌ركه‌وتوو بن.. كوردستانیش هه‌ر ئاوه‌دان و به‌هێزتر بێت".