
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین کرد
رۆژی سێشەممە ۱۱ی تشرینی یەکەمی ۲٠۲۲،بەڕێز د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە تەلاری ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی کرد لە پ.ی.د.کامەران یونس محەمەدئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و شاندێکی یاوەری کە پێکهاتبوو لە ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری و سەرۆکی بەشی فڕۆکەوانی لە کۆلێژی ئەندازیاری.
لە دیدارەکەدا باس لە پرۆسەی خوێندن و کاروبارەکانی زانکۆی سەلاحەدین کرا.
سەرۆکی زانکۆ سوپاسی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد کە لەماوەی رابردوو لە گەڵ شاندێکی حکوومەت سەردانی قوتابییانی بەشی فڕۆکەوانی لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدینیان کرد کە لە ئەکادیمیای فرۆکەوانیی شاهانەی ئوردن سەرقاڵی خوێندنن.
لای خۆیەوە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆکی زانکۆ و شاندی یاوەری، رایگەیاند کە لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئەو قوتابییانەی زانکۆی سەلاحەدین گرتووە کە لە ئوردن دەخوێنن و گوێی لە داواکارییەکانیان گرتووە و جەختی لەوەشکردەوە کە هەوڵی دیراسەکردن و جێبەجێکردنی داواکارییەکان دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا هاوکار و هەماهەنگ دەبێت لەگەل سەرۆکایەتی زانکۆ بۆ بەرەپشبردنی ئاستی خوێندن لە زانکۆدا.