
گومان لەوەدا نییە كە جیهان رووبەرووی ئالینگاریەكی بێ وێنە بۆتەوە لەرووی تەندروستیەوە، بەشێوەیەك كە گوزارەی "جیهان گوندێكی بچوكە"ی دووبارە خستۆتە ژێر پرسیارەوە. هەموو یەكەو ئەكتەرەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهۆی كۆرۆناوە پشتیان لە دیدگا جیهانیەكەیان كردووە، ئیتر هەر یەكەو خەمی خۆیەتی. ئەم گۆرانكاریە ئەگەر ببێتە بەهایەكی تازە لە كۆمەڵگەی جیهانی، گۆرانێكی ریشەیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت لەسەر ئەو بەهایانەی كە ساڵانێكە وەك سیستەم خۆی بەسەر دەوڵەتان سەپاندووەو رێگری لێكردوون لە مومارەسەكردنی رەهای دەسەڵاتەكانی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی. ئێستا لەقۆناغێكین كە هەموو ئەو ئەكتەرانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیان بەهێزكردبوو، وایان كردبوو دۆخی چاودێری لەسەر كارە بێ سنورەكانی دەوڵەت بردبووە ئاستێكی چالاك، ئیتر ئەو ئەكتەرانە بەهۆی سەرقاڵ بوون بەپاراستنی شكۆی دەوڵەتەكانیان، ناتوانن چیتر خزمەت بەبەهای سنوردانان بۆ دەوڵەت بكەن. هەموو ئەو بەهایانەی كۆمەڵگەی جیهانی، یان سیستەمی نوێی جیهانی لەسەر كاردەكات، بەهۆی كۆرۆناوە كەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە، لێرەدا ئێمە تەنها دەپرژێینە سەر ئەو بەهایانەی پەیوەستن بە فۆرم وسروشتی دەوڵەتەوە، بەتایبەت لەرووی دیموكراسی و شارستانیەت وحوكمی ئۆرگانەكانیەوە.
دیموكراسی، كۆمەڵگەی مەدەنی، حوكمرانی ئۆرگانە ناسەربازیەكان، قۆرخ نەكردنی دەسەڵات لەلایەن دامەزراوە ئەمنیەكان، حوكمرانی باش، بازاری ئازاد، مافی مرۆڤ، دابینكردنی ئازادی تەواو بۆ هاوڵاتیان، نەچەوسانەوەو پێشێل نەكردنی مافە بنەرەتیەكانی مرۆڤ، ئەمانە ئەو بەهایانە بوون كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەرێگەی سیستەمێكی تازەوە هەوڵی پاراستنی دەدا. یەكێك لەهۆكارەكانی نەبوونی چین بە هێزی ژمارە یەك سەرەرای ئەوەی خاوەن ئابووریەكی بەهێزو سەرمایەكی مرۆیی و تەكنەلۆژی گەورەیە، بوونی ئەو بەها باوانەبوون، كە چین هەڵگریان نەبوو. بە گۆرانی ئەو بەهایانە لەسەر ئاستی جیهانی، ئیتر دەرفەتیش بۆ چین وهاوشێوەكانی دروست دەبێت كە باڵادەستی خۆیان بەسەر كۆمەڵگەی جیهانیدا بسەپێنن. رەنگە ئاسان نەبێت كە وێنای ئەو قۆناغە بكەین كەتێیدا ئەو بەهایانە دەكەون. بەڵام لەدونیای سیاسەتدا هەموو ئەگەرەكان هەمیشە كراوەن، بەتایبەتیش كاتێك ئاماژەكان دەرخەری نزیك بوونەوەن لەم ئەگەرە.
سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسەكە، دەوڵەتان سەرەرای ئەوەی بەگرنگیەوە لەبابەتەكەیان نەروانی، لەهەمان كات پێیان وابوو سیستەمی تەندروستیان توانای رووبەرووبونەوەی ئەو ئالنگاریە نوێیەی هەیە. جگە لەمەش وا پێشبینی دەكرا مرۆڤ لەسەرەتای هەزارەی سێیەم تەواو هۆشیاربوبێتەوەو درك بە مەترسیەكان دەكات، بەڵام بێباكی مرۆڤ وكەمی هۆشیاری هاوكێشەكانی پێچەوانە كردەوە. ئیتر دەوڵەت ناچاربوو دیوەكەی دیكەی تواناكانی دەربخات لەسەر ئاستی نێوخۆیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسە نادیارو بێ شوناسەكە، ئەویش دیسپلینكردنی مرۆڤ وكۆمەڵگەیە، لەمەشدا هیچ رێگریەكی جیهانی نییە. كەواتە دەوڵەت لەپێناو مانەوەو بەردەوام بوونی، ناچاری رێكاری توند بوو بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پربكاتەوە كە نەبوونی هۆشیاری دروستی كردبوو.
لەكەرەنتینەكردنی كۆمەڵگەدا چەند رەهەندێك مایەی تێرامانە، گرنگترینیان ئەوەیە كە دەوڵەت دەتوانێ ئەو چەترە بێت كە مرۆڤایەتی بۆ جەنگی دژی سروشت خۆی لەسایەیدا بشارێتەوە. بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا شێوازی كەرەنتین كردنەكە كۆمەڵێك لێكەوتەی نەخوازراوی لێ دروست دەبێت، ئەوانیش دارمانی سیستەمی ئابووری بەشێكی زۆری دەوڵەتان، كەئەمەش وەك تیۆری دۆمینە درێژەی دەبێت بۆ سەر ئابووری ووڵاتانی دیكە. بەهای بازاری ئازاد لەسەر لێواری دارمانێكی گەورەیە، روون نییە دوای كۆرۆنا ئیتر ئەم پرەنسیپە چۆن دەتوانێ دۆخی شێواوی خۆی چاك بكاتەوە. لەهەموو ئەمانە ترسناكتر هاتنە پێشەوەی دامەزراوە سەربازیەكان ودەزگا ئەمنیەكانە، كە بەهۆی دۆخە نەخوازراوەكەی جیهان ئەم دەزگایانە شەرعیەتێكی ترسناكیان وەرگرتووە كە ئیتر كۆنترۆڵی جومگەكانی حوكمرانی بكەن.
راستە پزیشكان وكارمەندانی تەندروستی، لەریزی پێشەوەی ئەم جەنگە بایۆلۆجی و تەندروستیەن، بەڵام بێ جەبەرووتی دامەزراوە ئەمنیەكان ئەم دامەزراوە تەندورستیانە ناتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەم نەبوونی هۆشیاریەی كۆمەڵگەی هاوچەرخ بكەن. بۆیە پێویستیان بەبازوویەكی بەهێزە كە كۆمەڵكە ناچار بكات، خۆی كەرەنتین بكات. ئەم بازووە تازە رۆژ دوای رۆژ ئەوەندە بەهێز دەبێت كە دوای تەواو بوونی قەیرانەكەش ئەستەم بێت هێزە مەدەنیەكان بتوانن ئاسەواری ئەم بەپۆلیسكردنی دەوڵەت بسرنەوە.
كۆرۆنا جگە لەوەی سیەكانی مرۆڤ توشی هەڵاوسان دەكات و ئەگەری مردنیان دێنێتە پێشەوە، لەهەمان كات فۆرمی دەوڵەتی لە دەوڵەتی مەدەنیەوە گۆریوە بۆ دەوڵەتی پۆلیسی، ئەمیش بەهۆی سەردەست بوونی دامەزراوە پۆلیسیەكان. دەوڵەت ودەسەڵاتە حوكمرانەكان هەمیشە ویستویانە فۆرمێكی پۆلیسیان هەبێت، بەڵام كۆمەڵگەی جیهانی و بەهێزی كۆمەڵگەی مەدەنی گەورەترین رێگر بوونە لەم خواستەی دەوڵەت. ئێستاش كەكۆمەڵگەی جیهانی لەلاوازترین دۆخی خۆیەتی، توانای بەرگرتنی نییە لەم خواستەی دەوڵەت، جگە لەوەی خۆیشی شەرعیەتێكی جیهانی بەم رێكارانە داوە لەرێگەی رێكخراوە جیهانیەكانەوە، بەمەش بەها نوێیەكان خزمەتی زیاتر بەپۆلیسكردنی سروشتی دەوڵەت دەدەن. دەوڵەت لەدوای كۆرۆنا وجەنگە بایەلۆجیە پێشبینیكراوەكانی دیكە، چیتر ناتوانێ دەوڵەتێكی مەدەنی بێت، بەڵكو هەموو گۆرانكاریە تازەكان دەچنە خزمەت بەپۆلیسكردنەوەی دەوڵەت.
نوسینی: هۆگر ابراهيم