
سەندیکای ئەکادیمییەکانی عێراق و سەنتەری گەشەکردنی ستراتیژی ئەکادیمی بەهاوکاری لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین، لەژێر دورشمی خوێندن و کێشەکانی، لەسایەی پێشکەوتنە خێرایەکان کۆنگرەی دووەمی زانستی نێودەوڵەتی سازدا، لەسەرەتادا پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وتەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا باسی لەهەموو ئەو خاڵانە کرد، کە ئێستا خوێندن رووبەڕووی دەبێتەوە، بەپێویستیشی زانی لەژێرسایەی پێشکەوتنی خێردا، خۆی بگونجێنی تا بەهیچ شێوەیەک دانەبڕێ، هەروا بیرکردنەوە لەهەموو چەمکەکانێ لێپرسراوەتی تا وڵات بەرەو پێشەوە بچێ.
لەپاشاندا نەقیبی سەندیکای ئەکادیمییەکانی عێراق وتەیەکی پێشکەشکرد تیایدا باسی لەسازدانی ئەو کۆنگرە زانستییە کرد، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو توێژینەوانەی لەم کۆنگرەیە پێشکەش دەکرێ، ئەگەر پراکتیک بکرێ، وەچەرخانێکە لەپەروەردە و فێرکردن لەعێراقدا.
هەر لەوێدا د.برهان ئەرگوشی راوێژکاری وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا باسی لەو خاڵانە کرد، کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی پەروەردە و فێرکردن لەژێرسایەی ئەو پێشکەوتنەی ئێستا لەئارادایە.
ئەوەی شیاوی باسە زیاتر لە 300 توێژینەوە خراوەتە روو، هاوکات 185 توێژینەوە پەسەند کراوە تا لەم کۆنگرەیەدا بخرێتە روو.