
لەسەروبەندی گرتنەبەری ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستییەكان بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرەسی كۆرۆنا، لەسەر پێشنیارو داوای مامۆستایەكی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ یەكەمینجار لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ماستەرنامەیەك بەشێوەی ئۆنلاین تاووتوێ دەكرێت.
بەڕێز(پ.د.نەبیل عادل فەخری) كە وەكو سەرۆكی لیژنەی تاووتوێكردنی ماستەرنامەك لە بەشی كیمیای كۆلێژی زانست لە زانكۆی سلێمانی دەستنیشانكرابوو، وەك دەستپێشخەرییەك پێشنیاری بۆ سەرۆكایەتی بەشی كیمیاو ڕاگرایەتی كۆلێژی زانست كرد كەوا لە تاووتوێی ماستەرنامەكە بەشێوەی ئۆنلاین ئامادەبێت پاش تاووتوێكردنی پێشنیارییەكەی ئەمڕۆ ڕۆژی سێ شەممە ڕێكەوتی 2020/3/10 بۆ یەكەمینجار لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان تاووتوێی ماستەرنامەكە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو. شایەنی باسە ئەمە هەنگاوێكی گرنگە و دەكرێت لەداهاتوودا لە زانكۆكانی دیكەش پراكتیزە بكرێت و بتوانرێت مامۆستای زانكۆكانی دەرەوە لە لیژنەی تاووتوێكردنی ماستەرنامەو تێزی دكتۆرادا بەشدارییان پێبكرێت بەشێوەی ئۆنلاین.