
پرۆفیسۆر د.هاوڕێ مەنسووربەگ لە سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەددین، توێژینەوەیەکی گرنگی لە یەکێک لە گرنگترین گۆڤارە جیهانییەکانی زەویناسی بڵاو کردەوە، کە تیایدا بۆ یەکەمین جارە هاوتاکانی مەگنیسیۆم Mg isotopes لە زنجیرەچیاکانی زاگرۆسی کوردستان بوون بە کەرەستەی توێژینەوەکە.
لەو توێژینەوەیە باس لەو گۆڕانکاریانە کراوە کە بەسەر چینەبەردەکاندا هاتوون و لە کلسەوە گۆڕاون بۆ دۆلۆمایت.
بێگومان بەشێکی بەرچاو لە چینە بەردەکانی کوردستان، بەردی کلسن و پێیان دەگوترێت لایمستۆن و بەگشتی پێکهاتە کیمیاییەکانیان بریتییە لە CaCO3.
ئەو بەردانە لە مێژووی جیۆلۆجیی ملیۆنەها ساڵدا، دووچاری گۆڕانکاریی زۆر بوونەتەوە و گرنگترین ئەو گۆڕانکاریانە بریتین لە گۆڕانی بەردە کلسەکان بۆ بەردی دۆلۆمایت، کە لە پێکهاتەکەیدا توخمی مەگنسیۆم Mg هەیە.
گۆڕانی بەردی کلس بۆ بەردی دۆلۆمایت یەکێکە لە گەورەترین پرسیارەکان لە زانستی زەویناسیدا کە تا ئێستا زۆرترین توێژینەوەی زانستی لەسەر کراوە و تا ئەمڕۆش وردەکارییەکانی ئەو پرۆسەیە بە نەزانراوی ماوەتەوە...زۆر جار کە بەردە کلسەکان(لایمستۆن) دەگۆڕێن بۆ بەردی دۆلۆمایت، گۆڕانکاریی ئەرێنی ئەوتۆ لە خۆ دەگرن کە دەتوانن ببن بە کانی نەوت و ئاو و کانزاکان، هەر بۆیە ماوەی سەد ساڵ زیاترە ئەم پرۆسەیە زانایانی لە سەرتاسەری جیهاندا بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
پێشبینی دەکرێت ئەو توێژینەوەیە مشتومڕێکی زۆر لە نێو زەویناسانی ئەو بوارە لە سەر ئاستی جیهاندا، بەدوای خۆیدا بهێنێت.
بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن
https://www.sciencedirect.com/journal/marine-and-petroleum-geology