
بە هاوبەشی زانستی زانكۆی سەلاحەدین چالاكی جیهانی Falling Walls Lab بەرێوەچوو
ئەمڕۆ رێككەوتی 5ی 9ی 2024، لە هۆڵی كۆنفرانسی هایتێكس چالاكی Falling Walls Lab Erbil لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بەرێوەچوو.
لە سەرەتای چالاكیەكەدا وتەی بەرێز "پ.ی.د. كامەران یونس محمدئەمین" سەرۆكی زانكۆ، لەلایەن "م. حسین احمد مستەفا" بەرێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی كاری زانكۆی سەلاحەدین CDC خوێندرایەوە.
بەرێوەبەری CDC لەگەڵ گەیاندنی سڵاوی سەرۆكی زانكۆ بە ئامادەبوان ڕاگەیاند كە بەهۆی بەرێوەچوونی كۆنفرانسی زمانی سریانی لە هەمانكاتدا بەرێزی نەیتوانی ئامادەبێت، بەڵام وتەیەكی بۆتان هەیە، كە ئەمە دەقەكەیەتی؛
ئامادەبوانی بەرێز، بەشدارانی چالاكی Falling Walls Lab Erbil
بەناوی ئەنجوومەن و سەرۆكایەتی زانكۆی سەلاحەدین، بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەكەم و پیرۆزبایی لەو قوتابی و لاوانە دەكەم، كە بیرۆكەیان پەسەندكراوە و ئەمڕۆ لەسەر ئەم سەكۆیە پێشكەشی دەكەن، هاوكات وەك هاوبەشی زانستی دەستخۆشی لە رێكخەرانی پێشانگەی هایتێكس دەكەم.
بەرێزان ئەمڕۆ لێرە کۆبوونەوە، بۆئەوەی شاهیدی بیرۆکەی داهێنەرانە بین؛ ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەو توانا بێ سنوورەی کە قوتابییان و لاوانی نیشتمانەكەمان هەیانە. لەسەردەمی ئێستەدا داهێنان کلیلی کردنەوەی داهاتوویەکی باشترە. ئەو هێزەیە کە خەونەکان دەکاتە واقیع، و لە توانای دایە ئەڵنگارییەكان بگۆڕێت بۆ دەرفەت و بیرۆکەکان بكاتە چارەسەر. لە بیرتان بێ كە هەموو داهێنانێکی گەورە و بەرچاو، وەک بیرۆکەیەکی سادە دەستی پێکردووە. بۆیە بەشدارانی بەرێز، بیرۆکەکانتان چەند گەورە یان بچووک بن، هێزی گۆڕینی جیهانیان هەیە. لەکاتێکدا بیرۆکەکانتان دەخەنەڕوو، ئەوەتان لەبیر بێت کە داهێنان پەیوەندی بە باشترکردنی ئەو جیهانە هەیە کە تێیدا دەژین، پەیوەندی بە گۆڕانکارییەوە هەیە، نەک تەنها بۆ خۆمان بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتوو. لەم ڕوانگەیەوە، داوا لە ئامادەبوان دەکەم لە نزیکەوە گوێ بگرن و بەجۆش و خرۆشەوە پشتگیری لە داهێنانەكان بکەن و هانیان بدەن. هەمووتان سەركەوتوو بن.
پ.ی.د. كامەران یونس محمدئەمین
سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر
شیاوی ئاماژەیە، زانكۆی سەلاحەدین تاكە هاوبەشی زانستی ئەم چالاكییە جیهانییە لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا لەگەڵ Open Space Academy، چالاكیەكە وێستگەیەکە بۆ ئەوانەی خاوەن بیرۆکەی داهێنەران، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 60 بیرۆكە لە تەواوی عێراق و كوردستان پێشكەشكران.
دوای پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن لەلایەن لێژنەیەكی زانستی 16 بیرۆکەی داهێنەرانە پەسەندكران بۆ پێشكەشكردن لەماوەی (3) خولەكدا، كە لەكۆتایدا یەكەم، دووەم و سێیەم ڕاگەیەنرا كە براوەكان گەشتێک بۆ بەرلین - لە ئەڵمانیا ئەنجام ئەدەن بەمەبەستی خستەڕووی بیرۆكەكەیان لە بەرلین و بەشداری كردن لە پێشبركێ لەسەر ئاستی جیهانی.