
د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین و یاریدەدەرانى لەگەڵ لیژنەی باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بە سەرۆکایەتى د.محەمەد ئەلسەراج
د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین و یاریدەدەرانى، پێشوازییان لە لیژنەیەکى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بە سەرۆکایەتى د.محەمەد ئەلسەراج بریکارى وەزارەت و شاندى یاوەرى کرد، کە بە مەبەستى وردبینى لە موچەى فەرامنبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان هاتبوون .
لەو سەردانەدا داوایان لە سەرۆکایەتى زانکۆ کرد کە پێداویستیە فەرمیەکانى موچەى فەرمانبەران ئامادە بکەن، بۆ ئەوەى ئەو پێداویستیانە لە کاتى سەردانى لیژنەى دووهەمدا کە هەفتەى داهاتوو دەگەنە هەولێر بۆ دەست پێکردنى ورد بینیەکە ئامادە بێت .
لە لاى خۆیەوە سەرۆکى زانکۆ هەموو ئامادە باشییەکى دەربڕى بۆ هاوکارى کردنى لیژنەکە و ئەو ئاسانکارییانەى پێویستن بۆ راپەڕاندنى کارەکانیان بە خێرایى بۆ ئەم مەبەستەش چەند لیژنەیەکى پێک هێناوە بۆ هاوکارى کردنى لیژنەکان ،بڕیاریشى دا کە لەو ماوەیەى لیژنەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاى حکومەتى ڤیدرال دێنە هەولێر بۆ ورد بینى موچەى کارمەندانى وەزارەت ، لەیەن زانکۆى سەلاحەدینەوە میواندارى بکرێن ، لە پێناو پێشکەش کردنى هەموو ئاسانکاریەک و راپەڕاندنى کارەکانیان لە ماوەیەکى زوودا .
هەروا سەرۆکى زانکۆ رایگەیاند کە لیژنەکە بە رۆحیەتێکى چاک هاتوون بۆ پشکنینەکە و ئەوانیش خوازیارن بە زووترین کات کارەکانیان فەراهەم بکرێت بۆ ئەوەى کێشەکان چارەسەر بکرێن و ئەنجامە ئەرێنیەکانیان بێتە دى .