
گۆڤارەکان وەک سەکۆیەکن بۆ ناساندنی توێژینەوە و توێژەران
بۆ ئەوەی زۆرترین خوێنەر دەستی بە توێژینەوەکان بگات ، گۆڤارەکان هەوڵ دەدەن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ستاندارد و رێوشوێنەکانی داتابەیسە جیهانییەکان.
توێژەرانیش هەوڵدەدەن زۆرترین سوود لە توێژینەوەکانیان وەربگیرێت لەلایەن توێژەرانی تر بۆیە هەوڵدەدەن بەشێوەیەکی کراوە و بەخۆڕایی توێژینەوەکانیان بەردەست بێت.
لەم ڕوانگەیەوە گۆڤاری زانکۆ بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان بە پاڵپشتی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆریی و بەرێوەبەر و ستافی بەشی ئای تی و دەستەی نووسەرانی گۆڤار و ستافی کارگێڕیی و توێژەران و هەڵسەنگێنەران ، دوای دانانی دیدی درێژخایەن و ماندووبوونی بێ پچڕان و ئەنجامدانی چەندین گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە رێنماییەکانی گۆڤار و ڕێوشوێنەکانی هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی سیستەمی ئەلیکترۆنی گۆڤار ، دوای چەندین مانگ کارکردن بە خۆشحاڵیەوە داتابەیسی دی ئۆ ئەی جەی (ڕێبەری گۆڤارە کراوەکانی جیهان DOAJ) گۆڤاری زانکۆ بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان پەسەند کرد و لەمڕۆوە گۆڤار و توێژینەوەکان دەکەوێتە بەردەستی زۆرترین خوێنەر و بەمشێوەیەش سایتەیشن(لێوەرگرتن) ی توێژینەوەکان زیاتر دەبن و کاریگەرییان زیاتر دەبێت و توێژەرانیش زیاتر دەناسرێن.
سەرکەوتن گرنگە بەڵام لەوە گرنگتر چۆن بەسەرکەوتوویی بمێنینەوە و زیاتریش بەرەو پێشتر ببرێت و هەنگاوی زیاتر بگیريتەبەر.
چاوەڕێی هیممەتی زیاتری سەرۆکایەتی زانکۆ و دەستەی نووسەران و توێژەران و هەڵسەنگێنەرانین بۆ پەرەپێدانی زیاتر و سەرکەوتنی بەردەوام.
سەرنووسەری گۆڤاری زانکۆ بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان