لە میانەی بەشداریکردنیان لە دیبەتی زانکۆکانی کوردستان، قوتابیانی زانکۆی سەلاحەددین سێیەم سەرکەوتنی یەک لەدوایەکیان تۆمار کرد و خۆیان گەیاندە قۆناغی کۆتایی پێشبڕکێکە.
لە سێیەم دیبەیتدا زانکۆی سەلاحەددین ڕووبەڕووی زانکۆی سۆران بوویەوە. ناونیشانی دیبەیتەکە بریتیی بوو لە "ئەنجامدانی ڕیفۆرم لە سیستەمی خوێندن: پێویستە لە خوارەوە بۆ سەرەوە یان لە سەرەوە بۆ خوارەوەبێ". بە مانای ئەوەی کە پێویستە ڕیفۆرم لە باخچەی ساوایان و پەروەردەی بنەڕەتی دەست پێبکات، یاخود لە زانکۆکان و خوێندنی باڵا.
لە کەشێکی زانستی و ئەکادیمیدا، قوتابیان دیبەیتێکی شایستە و شارستانیان پێشکەشکرد کە تیایدا زانکۆی سەلاحەددین بە جیاوازی ٩٥ خاڵ بۆ ٩٢ خاڵ سەرکەوتووبوو.
دیبەیتەکە لە لایەن ناوبژیوانانی نێودەوڵەتییەوە بە پێی چەند ستانداردێکی بابەتیانە هەڵسەنگاندن و دادوەری بۆ دەکرا.
زانکۆی سەلاحەددین لە دیبەیتەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی زانکۆی جیهان و زانکۆی کۆیە ببووەوە کە سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو. لە هەمان کاتدا زانکۆی سۆران دوای بردنەوە لە زانکۆی کۆمار و کوردستان خۆی گەیاندبووە قۆناغی پێش کۆتایی.
شایەنی باسە، دیبەیتی ئەمساڵ گەرموگوڕییەکی پتری بە خۆییەوە بینیوە، کە ١٦ زانکۆ لە زانکۆ هەرە باشەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا بەشداریان تیایدا کردبوو. دیبەیتی ئەمساڵ لە لایەن بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی تیشکەوە میوانداری دەکرێ و لە لایەن د. ڤێنرا سەرۆکی بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی ناوبراو و مامۆستا بوخاری عبداللە، مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەددین، سەرپەرشتی دەکرێ.
بیرۆکەی پڕۆژەکە لە لایەن مامۆستا بوخاری عبداللە دانراوە و ئەمەش دووەمین دیبەیتە، بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک، لەم شێوەیە ئەنجام دەدرێ.
زانکۆی سەلاحەددین لە دیبەتی پارساڵدا بە پلەی یەکەم سەرکەوتنی بەدەست هێنا.ئەمساڵیش زانکۆ بە تیمێکی بەهێزتر و بە پلانێکی تۆکمەتر بەشداری کردووە. تیمەکە لە مامۆستایانی سەرپەرشت و ڕاهێنەر و کۆمەڵێک قوتابی بەهرەمەند پێکهاتووە:
مامۆستاکان: ژیار عثمان، سعد محمود، هیوا علی
قوتابیانی بەشدار: شەیما فاروق، هند حسن، زیلان سارمەمی، نیڤین وەرتی، پەیوەند خەسرەوە، گەشاو عبد الوهاب، ژیلان مصطفى