د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین لەدیوانى سەرۆکایەتى زانکۆدا پێشوازى لەشاندێکى زانکۆى جیهان لە هەولێر کرد، کە پێکهاتبوو لە د.ئەمجەد سابیر سەعید سەرۆکى زانکۆى جیهان و شاندى یاوەرى، ئەمەو لە دانیشتنێکدا باس لەچەندین خاڵ کرا، کە دەکرێ هەردوو لا جەختى لێبکەنەوە و ببێتە خاڵى هاوبەشى هەردوو لا و بتوانن لەم رێگەیەوە چەندین پرۆژەى هاوبەش ئەنجام بدەن، هەر لەوێدا
رێککەوتنامەیەک واژوو کرا لەنێوان هەردوو زانکۆدا، بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییە لەرووى بەرنامە هاوبەشەکان و هەموو زانکۆکانى کوردستان بە حکومى و ئەهلییەوە بتوانن هاوکارى یەکتر بکەن و بەرنامە و پرۆژە هاوبەشەکان، سەرۆکى زانکۆ ئەوەشى خستە روو، کە ئەو جۆرە رێککەوتنانە ئاسۆیەکى روونترە بۆ هەردوو زانکۆ لەهەموو بوارە زانستییەکان لەم رێگەیەوەش هەردوو لا ;سوودى زانستى و ئەکادیمى وەردەگرن.
لەلایەکى دیکەوە د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین لەسەردانێکدا بۆ سەنتەرى توێژینەوەى زانکۆى سەلاحەددین سەنتەرەکەى بەسەرکردەوە و لەنزیکەوەش لەگەڵ کارمەندانى سەنتەرى توێژینەوە باسیان لەو ئامێرە نوێیانە کرد، کە لەماوەیەکى نزیکدا بۆ سەنتەرى توێژینەوە دانراوە و لەم رووەوەش قۆتابیانى ماستەر و دکتۆرا دەتوانن سوودێکى زۆرى لێوەربگرن بۆ ئەوەى توێژینەوەکانیان بەباشترین شێوە رایى بکەن و ئەنجامى باش بەدەست بێنن لەرێگەى ئەو ئامێرانەوە، بەتایبەتى بۆ قوتابیانى ماستەر و دکتۆراى بەشە زانستییەکان، هاوکات لەسەنتەرى توێژینەوە باس لەو ئامێرانە کرا و جەخت لەوە کرایەوە، کە قوتابیان و ئەوانەى توێژینەوەیان هەیە دەتوانن سوودێکى زۆر لەو ئامێرانە وەربگرن.
لەنێوەندى ئەو چالاکییانەدا سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین پێشوازى لەشاندێکى ژمێریارانى وڵاتانى عەرەبى کرد، کەپێکهاتبوو لە محەمەد عەبدولعەزیز وەک نوێنەرى یەکێتى ژمێریارانى عەرەب و شاندى یاوەرى ئەمەو لەدانیشتنێکدا هەموو ئەو باس و خواستانە خرایە روو، کە پەیوەندارە بەژمێریارى ، هاوکات سەرۆکى زانکۆ باسى لەو خاڵانەکرد کە چۆن بتواندرێ لەرێگەى خول و راهێنانەکان قوتابیانى بەشى ژمێریارى بابەتە تیۆرییەکان بکەن بەکردەیى، هەروا باس لەپەیوەندى نێوان زانکۆى سەلاحەددین و زانکۆ عەرەبییەکان کرا، لەلایەکى دیکەوە سەرۆکى زانکۆ هەموو هاوکارییەکى خستە روو بۆ سەرکەوتنى کارەکانیان.