لەدرێژەی کارو چالاکیە ئەکادیمیەکان و لەمیانەى گرنگیدان بە پرسە هەستیارەکانی کۆمەڵگە، کۆلیژی کارگێری و ئابوری لە زانکۆی سەلاحەدین پانێڵێکی زانستی بۆ هەردوو توێژەری بەناوبانگی ئابوری (پ.د. عەبدولرەحمان مەشهەدانی) و (پ.ی.د سەیفەدین حەدیسی) سەبارەت بە رۆڵی سەقامگیری سیاسی لە راکێشانی وەبەرهێنەری بیانی و بوژانەوەی کەرتی ئابوری لەسەر ئاستی عیراق بەشێوەیەکی گشتی ئەنجام دا.
لەپانێڵەکەدا کە د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆ و راگری کۆلیژی کارگێری و ئابوری و سەرۆک بەش و مامۆستایان و قوتابیانی کۆلیژ ئامادەبوون، تێیدا گفتوگۆیەکی زانستی کرا لەسەر بابەتی پانێلەکە. پرۆفیسۆر عەبدولرەحمان مەشهەدانی کە لەئابوری عیراقدا قول بۆتەوە بابەتێکی پێشکەش کرد بەناونیشانی (نەبوونی سەقامگیری سیاسی رۆڵی لە راکردنی خاوەن سەرمایە ناوخۆیی و بیانیەکان) کە تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، سەقاگیری سیاسی گرنگە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەری بیانی بەشێک لە وەبەرهێنانەکەی بێنێتە عیراق، هەرچەندە سەقامگیری سیاسی کەمتر بێت ئەوەندە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان کەمتر دەبێت. هەر لەچوارچێوەی ئەم پانێلەدا دکتۆر سەیفەدین حەدیسی بابەتێکی پێشکەش کرد سەبارەت بە (سیاسەتی نەوتی و کاریگەریەکانی لەسەر خوێن بەربوونی سامانی عیراقی) کە تێیدا تیشکی خستە سەر ئەو کاریگەریانەی سیاسەتی هەڵەی نەوت و ووزە بەسەر ئابوری و دارایی عیراقیدا هیناوە. هەردوو بابەتی پانێڵەکە بووە شوێنی گفتوگۆیەکی جدی لەلایەن ئامادەبووانی پانێلەکە.