لە دیوانى سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە دکتۆر بەشیر حەداد (جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق)ی کرد. لە دیدارەکەدا کە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک راگر ئامادەبوون رەوشی خوێندنی باڵا لەنێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆ خۆشحاڵی خۆی دەربری بۆ سەردانی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ زانکۆی دایک، پاشان بە تێروتەسەلی رەوشی خوێندنی باڵای بۆ شاندی میوان روونکردەوەو ئاست و پێگەی ئێستای زانکۆی سەلاحەدینی بە ووردی باس کرد. پاشان باسی لەو پێشکەوتنانە کرد کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو زانکۆی سەلاحەدین بە دەستی هێناوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق و لەسەر ئاستی جیهانیش.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەی بە شاندی میوان راگەیاند کە سەرەکیترین فاکتەری پێشکەوتنی زیاتر زانکۆی سەلاحەدین کەمپی زانکۆیە کە خەونی هەموو دڵسۆزانی خوێندنی باڵایە. لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونانەی بۆ دروست کردنی ئەو کەمپە دراوە بەڵام هێشتا هەندێک ئاستەنگ هەیە لەبەردەمی جێبەجێکردنی بۆیە داوای لە جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراقی کرد کە هەوڵەکانی خۆی بخاتە گەر و رۆڵی هەبێت لە لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی کەمپی زانکۆ کە دەبێتە ستراتیژیترین پرۆژەی نیشتمانی و شوێنی شانازی هەموو لایەک دەبێت.
پاشان دکتۆر بەشیر حەداد خۆی بە خۆشحاڵ زانی کە دەرفەتی ئەوەی بۆ دروست بووە سەردانی زانکۆی دایک بکات و ئەوەی راگەیاند کە ئەوە شانازیە بۆ ئەو کە لە نزیکەوە سەردانی رەسەنترین زانکۆ بکەم. هەروەها لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەی دوپاتکردەوە کە زانکۆ سەلاحەدین توانیویەتی پێشەنگی خوێندن و توێژینەوە بگرێت و ببێتە نمونەیەک بۆ هەموو عیراقیەکان.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەسەر ئاستی عیراق شانازیەکی زۆر هەیە بەرامبەر ئەو هەموو دەستکەوتانەی زانکۆ بەدەستی هێناوە. ئەوەشی بە سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین راگەیاندن کە بەڵێنی ئەوە دەدات هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتە گەر و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ سەرپێخستنی کەمپی زانکۆی سەلاحەدین کە نیشانەیەکی شارستانیە بۆهەمووعیراقیەکان.