ڕێککەوتی ٢٤ـی ١١ـی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو سەرۆکی زانکۆی تایبەت و حکومی سەرۆکی دەزگای متمانەبەخشی پەروەردیی کوردستان سیمینارێکی بە ناونیشانی “ کارامەیی پەروەردە لە دەرئەنجامەکانەوە بۆ کاریگەری لە زانکۆی سەلاحەدین پێشکەشکرد.
لەسەرەتای سیمینارەکە “ پ.د.کامەران یونس محمدئەمین” سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد، بە ناوی ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدین، بەخێرهاتنێکی گەرمتان لێدەکەین،خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لە ئیڤێنتێکی گرنگی متمانەبەخشی بەشداری دەکەین لە ژێر ناونیشانی "کارامەیی پەروەردە لە دەرئەنجامەکانەوە بۆ کاریگەری"، کە لەلایەن دەزگای متمانەبەخشی کوردستان بۆ پەروەردە (KAAE) بەڕێوەدەچێت.
متمانەبەخشی پرۆسەیەکی فەرمییە تێیدا دەستەیەکی سەربەخۆ و ناسراو هەڵسەنگاندنی دامەزراوە، بەرنامە، یان ڕێکخراوەیەك دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پێوەرە دیاریکراوەکانی کوالێتی پەروەردە جێبەجێدەکات.
گرنگی متمانەبەخشی لەوەدایە دڵنیایی لە کوالیتی و متمانەپێکراوی دەکات و دووپات دەکاتەوە بەرنامەکانی خوێندن پێوەرە پیشەیی و ئەکادیمیەکان جێبەجێدەکات و دەرچووان ئامادە دەکات بە زانیاری و لێهاتووییەکانی پێویست لە بوارەکانیاندا بەپێی ستانداردە جیهانیە باوەڕپێکراوەکان و ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەیە لە دانانی پلانی ستراتیژی بۆ بەرنامەکان و بەردەوامبوون لە پرۆسەی هەڵسەنگاندن بۆ ئەوەی لاوازییەکان چارەسەر بکرێن و پابەندیبوون نیشان بدرێت بۆ پاراستن و باشترکردنی کوالیتیی بەرنامەکان، ئەمەش وا دەکات کە قوتابییان خولیای خوێندن و توێژینەوەیان زیاتربێت و توانای گواستنەوەو تەواوکردنی خوێندنیان لە زانکۆکانی جیهان هەبێت.
ئێمە لە زانکۆی سەلاحەدین هەر لە سەرەتاوە گرنگییەکی تایبەت بە بابەتی متمانەبەخشی دەدەین، بۆیە لە ڕێککەوتی ١٧/١٠/٢٠٢٤ یەکەم وێرکشۆپ لەم باڵەخانەیە ئەنجامدرا و لەلایەن بەڕێز د. هونەر عیسا بەڕێوە چوو، لەو وێرکشۆپەدا لیژنەیەکی تایبەت ئامادەکرابوو کە لە (٣٠) مامۆستا، قوتابی و فەرمانبەر پێکهاتبوو، لەو کاتەوە، زانکۆمان کاری جددی ئەنجامداوە بۆ گەیشتن بە قۆناغی متمانەبەخشی سەرەتایی (Initial Accreditation) ، بەڵام لە ئێستادا زانکۆمان کار لەسەر قۆناغی یەکەم دەکات، ئەویش قۆناغی شایستەیی(Eligibility) یە. دواتر هەوڵی خۆمان چڕتر دەکەینەوە بۆ ئەوەی بەرەو قۆناغی دووەم بڕۆین، ئەویش قۆناغی کاندیدی (Candidacy) یە.
لە کۆتاییدا، سوپاسی دەزگای متمانەبەخشی کوردستان بۆ پەروەردە(KAAE) دەکەم کە زانکۆی سەڵاحەدینیان هەڵبژارد بۆ ئەنجامدانی ئەم سیمینارە گرنگە. هەروەها دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم ئیڤێنتەدەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.