ئەمڕۆ ڕێککەوتی ٩ـی ٢ـی ٢٠٢٦ بە ئامادەبوونی “ پ.د.کامەران یونس محمدئەمین” سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و ژمارەیەک بەرپرسی پەیوەندیدار و سەرۆک زانکۆ و بەڕێوەبەری گشتی و نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کۆنفڕانسی گۆڕانکاری کەش و هەوادەرئەنجامەکانی کۆنفڕانسی جیهانی COP30 لێکەوتە و دەرفەتەکان بۆ هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لەسەرەتا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد خۆشحاڵین بە بەشداریتان لەم سیمپۆزیۆمە زانستییە کە تیشک دەخاتەسەر پێداچوونەوە و شیکردنەوەی دەرئەنجامە سەرەکیەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی گۆڕانی ئاووهەوا ی 2025 کە ناسراوە بە (COP30) و کاریگەریەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان و بەشداری کردنی شاندی حکومەتی هەریم لەو کۆنفرانسە.
کۆنفرانسی گۆڕانی ئاووهەوا یەک لە گرنگترین هەوڵە نێودەوڵەتییەکانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ گرفتەکان و ڕێگاکانی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاریە ئاووهەوایەکان و سنووردارکردنی سەرچاوە و ئاسەوارە نەرێنیەکانی گۆڕانکاریەکان.
دەرئەنجام و گفتوگۆکانی کۆنفرانسی گۆڕانی ئاووهەوا COP30 دەتوانێت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و درێژخایەنی لەسەر داهاتووی بوارەکانی ژینگە و ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە هەبێت لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان زۆر هەستیارە بەرامبەر دەرئەنجامەکانی گۆڕانی ئاووهەوا.
لەم سۆنگەیەوە گرنگی ئەم کارە هاوبەشەی سەنتەریتوێژینەوەی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بەدەردەکەوێت، چونکە ئەم جۆرە چالاکییانە دەرفەتی گفتوگۆی هاوبەش لەنێوان زانکۆ و دامەزراوە فەرمییەکاندا دروست دەکات و ئەوڕێکارانە پیشان دەدات کە دەتوانرێت لە ئاستی ناوخۆی و نێودەوڵەتی جێبەجێبکرێن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دەرهاویشتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا.
لە کۆتاییدا، هیوادارین ئەم سیمپۆزیۆمە ببێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ دروستکردنی تێڕوانینێکی زانستی هاوبەش، لە نێوان زانکۆ و دەزگاکانی حکومەت بۆچارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆمەڵگا و بە شێوەیەکی گشتی و دەستپێکێکی هاوبەشی بەردەوام بێت لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پێناو پاراستنی ژینگە و دڵنیابوونی دواڕۆژی نەوەکانی داهاتو بە شێوەیەکی تایبەتی.