لە چوارچیوەى جێ بە جێ کردنى ئەو رێکەوتنە لێک گەیشتنە زانستى و رۆشنبیرییەى کە لە نێوان هەردوو زانکۆدا واژوو کراوە، پ.د. ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین سەردانى زانکۆى ئیربەدى ئوردنى کردو لەلایەن (د. زیاد الکوردى) سەرۆکى زانکۆ پێشوازییەکى گەرمى لێ کرا.
لەو سەردانەدا کە سەرۆکى زانکۆو راگرى کولێژەکان و سەرۆک بەشە ئەکادیمییەکان ئامادە بوون ، سەرۆکى زانکۆ سیمینارێکى لەهۆڵى (ئەلهاشمى)پێشکەش کرد لەمەڕ رەوشی هەرێمی کوردستان و خوێندنی باڵاو زانکۆی سەلاحەدین ، تیشکی خستە سەر ئەو پێشکەوتنانەی بەدی هاتوون لە رووى بە پێشەنگی بوونى لە سەر ئاستى زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و چوونە پێشەوەی لە ریزى زانکۆکانی عیراق و وڵاتانی عەرەبی، لە ریزبەندی زانکۆکانی جیهانیشدا (بەپێی ریزبەندی ویبۆمیتریکس و QS ی جیهانی) کەوتۆتە چارەگى یەکەمى زانکۆکانى جیهان.
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا سەرۆکى زانکۆ باس لەو پسپۆریانە کرد کە دەکرێ هەردوو لایەن سود لە یەکتری وەربگرن، بە تایبەت لەروووى گۆرینەوەی قوتابیان و مامۆستایان و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و سازدانى وۆرک شۆپ و بەشداربوون لە کۆنفرانسەکاندا.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دیارى و ئارمى زانکۆى سەلاحەدینى پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی ئیربدی تایبەت کرد.