
بە سەرپەرشتى د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین ، سەرۆکایەتى زانکۆـ کولێژى ئەدەبیات ، رێ و رەسمێکى شایەستەی رێز لێنانیانى بۆ جوگرافیاناسى کوردستان پ.ى.د.عەبدوڵڵا غەفوور ئیسماعیلى لە سەنتەرى رۆشنبیریى و کۆمەڵایەتى زانکۆدا ساز کرد .
لەو رێو رەسمەدا کە ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایان و میوانان ئامادەبوون ، سەرۆکى زانکۆ بەم بۆنەیەوە وتەیەکى پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەى بە مێژووى دێرینى زانکۆى سەلاحەدین دا ، کە لە دامێنى دا بە هەزاران کەسایەتى زانستى و ئەکادیمى پێ گەیاندووە کە شوێنى دیاروشایەستەى خۆیان هەبووە لە کۆمەڵگاداو بە بەخششە زانستى و مەعریفیەکانیان بوونەتە جێگەى شانازى بۆ زانکۆو گەلو نیشتمانەکەیان ، یەکێک لەوانیش جوگرفیاناسى ناسراو عەبدوڵڵا غەفوورە کە زێتر لە چل کتێبى لە بوارى جوگرافیاى کوردستانەوە بە چەندین زمانى جیا جیاى کوردى و عەرەبى و رووسى و تورکییەوە بڵاو کردۆتەوە .
دواتر د. محەمەد کاکە سوور وەک راگرى کولێژى ئەدەبیات لە وتەییەکدا خۆشحاڵى کولێژى دەربڕى بەرامبەر بەو رێزلێنانەو ئاماژەى بەهەوڵى نیشتمان پەروەرانەى د. عەبدوڵڵادا کە وەک توێژەرێکى مەیدانى هەموو تەمەنى خۆى بۆ ئەو پەیامە زانستییەى خۆى تەرخان کردووە .
هەروەها سەرۆکى بەشى جوگرافیا د. تاریق بە هەمان شێوە ستایشى رۆڵى کارامەى د. عەبدوڵڵا دا بۆ ئەو خزمەتە گەورەیەى لە بوارى جوگرافیاى کوردستانەوە پێشکەش بە گەلەکەى کردووە ، کە دەکرێت نەوەکانى داهاتووش وەک سەرچاوەیەکى زانستى بەپێز سوودى لێ ببینن .
هەر بەم بۆنەیەوە د. نەجم ئەڵوەنى پارچە شیعرێکى خوێندەوە کە پێشکەش بە د. عەبدوڵڵاى کردبوو .
پاشان ئارى نانەکەلى بەرپرسى مەکتەبى رۆشنبیریى و راگەیاندنى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان لە وتەیەکدا ئاماژەى بە کۆششى پڕ لە شانازى د. عەبدوڵڵا دا ، کە کۆششێکى مەیدانى زانستى دڵسۆزانە بووە ، بۆ ناساندنى جوگرافیاى کوردستان و بۆ ئەم مەبەستەش د. عەبدوڵڵا بە سەدان گوندو شارۆچکەى کوردستان گەڕاوە،بە چیاو دۆڵو شوێنەوارەکانى ، بۆ ئەوەى جوگرافیاى کوردستان وەک خۆى تۆمار بکات .
پاشان خۆشحاڵى خۆى بەرامبەر بەو دەست پێشخەرییەى زانکۆى سەلاحەدین دەربڕى بۆ رێزلێنانى ئەو زاتە جیاوازانە کە وەک سونبولێکى سەربڵند دەردەکەون لە بوارى زانست و خزمەت گەیاندن بە گەلو نیشتمانەکەیان .
دواتر سەرۆکى زانکۆ خەڵاتى رێزلێنانى بە د. عەبدوڵلا غەفوور بەخشى .
بەروار :٢٠١٧/١/١٥