شاندێکی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر (SUE) بەشدارییان لە کۆبوونەوەی فەرمی دەستپێکی (Kick-Off Meeting) پڕۆژەی MOVE کرد.
ئەم کۆبوونەوە لە ڕۆژانی ١٤-١٥ی شوباتی ٢٠٢٦ لە زانکۆی سلیمانی بەڕێوەچوو، ئەم چالاکییە لە دوای دەستپێکردنی فەرمی پڕۆژەکە لە ٢ی شوبات دێت و قۆناغێکی نوێ لە هاریکاری ئەکادیمی لە نێوان یەکێتی ئەوروپا، هەرێمی کوردستان و یەمەن تۆمار دەکات.
شاندی زانکۆی سەلاحەدین پێکهاتبوون لە “ پ.ی.د. مەهاباد سەعدی عەلی” بەرپرسی ئیراسمس پڵەس، “ پ.ی.د. دلێر عەلی عوسمان” و “ پ.ی.د. ساڵح مستەفا سالح” مامۆستایان لە کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان و هاوبەشانی هەرێمی کوردستان، یەمەن و ئەوروپا بەشداربوون بۆ داڕشتنی ستراتیژی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و پاکێج کارەکان (WPs) کە لە شەش پاکێج یێکهاتووە.
لە ڕۆژی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا تیمی زانکۆی سەلاحەدین پریزێنتەیشنێکیان پێشکەشکرد کە تیشکیان خستەسەر توانا ئەکادیمییەکانی زانکۆ و چاوەڕوانییە تایبەتەکانیان لەچوارچێوەی پڕۆژەی MOVE کە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت، شاندی زانکۆ جەختیان لەسەر پابەندبوونی زانکۆی سەلاحەدین کردەوە تایبەت بە نێودەوڵەتیبوون و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی زانکۆ توانای ستافەکان، بەتایبەتی لە بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و شارەزایی لە ئەندازیاری کشتوکاڵی و خۆڕاگری کۆمەڵایەتی.
د. مەهاباد لە کاتی پێشکەشکردنەکەدا وتی: "پڕۆژەی MOVE پردێکی گرنگە لەنێوان دامەزراوەکانماندا بۆ زانکۆی سەلاحەدین، ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی باشترین ئەزموونەکان لەگەڵ هاوتا ئەوروپی و یەمەنییەکانمان، هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی تواناکانی ستاف و قوتابییەکانمان."
چالاکییە دوو ڕۆژییەکە بە هەماهەنگیی زانکۆی سلێمانی ڕێکخرابوو، گفتوگۆی وردی لەسەر پاکێجی کارەکانی هەر یەك لە هاوبەشەکان و هەماهەنگییە لۆجستییەکانی لەخۆگرتبوو و نوێنەرانی زانکۆی سەلاحەدین ڕۆڵێکی چالاکیان گێڕا لە داڕشتنی نەخشەڕێگای پڕۆژەکە بە ئامانجی دڵنیابوون لەوەی کە ئامانجە توێژینەوەیی و پەروەردەیییەکانی زانکۆ لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی فراوانتردا یەکبخرێن.
لەڕێگای پێشکەشکردنی پریزێنتەیشنی دوومیان کە تایبەت بوو بە پاکێجی کاری شەشەم، زانکۆی سەڵاحەدین بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی ئەم پاکێجەی هەڵگرت کە تایبەتە بە داڕشتنی سیاساتی بەستنەوەی ئەکادیمیا بە بازاڕی کار و دروستکردنی هەماهەنگییەکی کارای نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و هاوبەشەکانی تر وەکو کۆمپانیا و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە دابینکردنی هەلی کار
کۆبوونەوەکە ڕێگایەك بوو پەیوەندییەکان لە نێوان هاوبەشاندا قووڵتر بکاتەوە، کە لە چەند ساڵی داهاتوودا پێکەوە کاردەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە چاوەڕوانکراوەکانی پڕۆژەی MOVE.