
کەرەنتینی گشتی یان بەرگری گشتی؟
چاوەرێی دۆزینەوەی ڤاکسین بکەین یان خۆمان بدەینە بەر ئەم پەتایە؟
لە سەرو بەندی ئەو رێکارانەی کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرتوویەتیە بەر بۆ کەرەنتین کردنی خەلک و پەیڕەو کردنی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی Social Distancing، کە بە ھەمان شێوە زۆرینەی ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاش پەیڕەوی دەکەن.
وە بەپێی لێکدانەوە و گریمانە ماتماتیکی و زانستیەکانی ڕاددەی بڵاووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا SARS-CoV-2 کە بە Ro ھەژمار دەکرێت. بۆ زانیاری ڕاددەی بلاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا ٢.٢ واتە بۆ ھەر نەخۆشێک زیاتر لە ٢ کەس تووش دەکات ئەگەر کەرەنتین نەکرێت (لە پۆستی پێشووتر ژمارەکان دیارن). دوو ئاراستەی جیھانی ھەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
شانشینی بەریتانی بە پێچەوانەی دونیا بیر دەکاتەوە و پێی وایە بە بەکارھێنان و پەیڕەو کردنی سیستەمی بەرگری بە کۆمەڵ Herd Immunity ڕووبەرووی ڤایرۆسەکە ببێتەوە. بەو مانایەی ئەو رێگا دەدات ڤایرۆسەکە لە نێو کۆمەڵگا بڵاوببێتەوە و خەڵکەکە بەرگری بۆ پەیدا بکات و لە کۆتاییدا لەو شەڕی بەرەنگاربوونەوەیە بە بەھێز کردنی بەرگری کۆمەڵگا ڤایرۆسەکە ئیتر نامێنێت.. ئەم ستراتیجە وا دەکات سروشت خۆی بەسەر دۆخەکە تێپەڕێت و بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، پەتایەکانی تر بە ھەمان شێوە مرۆڤایەتی بەرەنگاری بۆتەوە..
بۆ ولاتێکی وەکو شانشینی بەریتانی کاتێک مەزەندە دەکرێت ٤٠ ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسەکە ببن، بەلام بە حوکمی ئەوەی ٨٠ ٪ بە سووکی لێیان دەردەکەوێت ئەوا تەنھا ٨ ملیۆن کەس بە قورسی دەیگرن لەوانەش ٤ ملیۆن کەس پێویستیان بەوە دەبێت لە نەخۆشخانە بمێننەوە بۆ دوو ھەفتە.. بوونی ئەم ھەموو نەخۆشە لە نەخۆشخانە پاڵەپەستۆیەکی زانستی و خزمەتگوزاری یەکجار زۆر دەخاتە سەر کەرتی تەندروستی، بەمەش ڕێژەی مردن زۆر دەبێت نەک تەنھا بەھۆی ڤایرۆسەوە بەڵکو لەبەر نەبوونی شوێن بۆ نەخۆشیە کوشندەکانی تریش وەکو شێرپەنجە و جەڵدە، جیا لە رووداوەکانی ھاتووچۆش چونکە پێویستیان بە ژووری چاودێری چڕ دەبێت..
ئەگەر ئەو گریمانە بۆ کوردستان دابنێین کە نزیکەی ٦ ملیۆن کەس نیشتەجێیەتی ئەوا ٣,٥ ملیۆن کەس تووش دەبێت و ٧٠٠ھەزار کەس بە توندی تووش دەبن وە ٣٥٠ ھەزار کەس پێویستی بە نەخۆشخانە دەبێت لە ماوەی ٣ ھەفتەدا.. ئایا ئێمە توانای خەواندنی ئەو ھەموو نەخۆشەمان ھەیە.. بۆیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر ووریایانە مامەڵەی لەگەڵ ڕەوشەکە کرد..
حکومەتەکانی ئێران و ئیتالیا و ھەندێک وولاتی تر لەو نێوەندە تووشی لێکدانەوەی ھەڵە بوون و ڕێگای یەکەمیان کە کەرەنتین کردنی خەڵکە درەنگ ھەڵبژارد..
کەواتە: پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن دەرباز دەبین؟
١- لەم کاتە ناسکەدا تا ماوەی کەرەنتین و کەمکردنەوەی بەریەککەوتن درێژ بکەینەوە ئەوا یارمەتیکەرتی تەندروستی دەدەین بە کۆنترۆل کردنی حالەتەکان..
٢- دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی Social Distancing دەبێ بەردەوام بێت و خۆشەویستیەکانی خۆمان جارێ با بە ئۆنلاین و بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا بەسەربکەینەوە.
٣- گۆڕینی کۆمەڵێک خووڕەوشتی کەسی و کۆمەڵایەتی وەکو تەوقە کردن و ماچ کردن و گردبوونەوە، ھەروەھا فێربوونی دەست و لاشە شوشتنی بەردەوام.
٤- دەکرێت بیر بکرێتەوە لە بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا و سیستەمی خوێندنی ئۆنلاین بۆ تەواو کردنی خوێندنی ئەمسال وەکو پلانێکی یەدەگ و ئامادە.
٥- چاوەرێ بکەین تا پێکوتەیەک (ڤاکسین) دەدۆزرێتەوە و لەم قەیرانە دەربازمان دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پلان و بودجە ھەبێت لە کاتێک ئەگەر ھاتوو ئەم ڤاکسینە بە خۆڕایی پێشکەشی وولاتان نەکرا.