
پرسیارێکی زۆر ھەیە لەسەر چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ مردووەکان لە کات و ساتی ئاوا دا و بە تایبەتی ئەو مردووانەی بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەمرن.
لە ڕاستیدا پێش ئەوەی باسی بابەتەکە بکەین دەبێ ھەڵوەستەیەک لەسەر ئەوە بکەین کە :
- پەرلەمان بۆچی دانەنیشت و بانگھێشتی چەند زانا و پزیشک و توێژەری نەکرد و پرس و ڕایان وەرگرێت..
- بۆچی باری نائاسایی ڕانەگەیاند و خۆی ئامادە نەکرد بۆ ئەم بارودۆخە..
لە بارێکی ئاوا دا پێویستە پەرلەمان باری نا ئاسایی ڕابگەیەنێت و دەسەڵاتی تەنفیزی و جێبەجێکاری بداتە حکومەت بە راوێژ و دیراسەی زانا و لێکۆلەر و پزیشکەکان ،،..
ئەمە وای دەکرد ھەم رێکارەکان زانستیانە بن و ھەمیش حکومەت بەرچاوی روونتر دەبوو..
خەلکی زانا و پسپۆر بۆ لە ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا پێشنیار بدات و رێنوێنی خەڵک بکات..بۆ لە ژێر کەپری پەرلەمان نەبێت و بە تیم کارکردن نەبێت..
لای ھەموومان ئاشکرایە کۆمەڵگەی کوردی تایبەتمەندی خۆی ھەیە لە پێکھاتەی کۆمەڵایەتی و دەروونی خەڵک و پەروەردە پارێزراوەکەی.. بەم پێیەش (لاشەی مردوو) قەدر و رێزلێنانێکی خۆی ھەیە کە تێکەڵیەکە لە بنەما ئایینیەکان و خووە کۆمەڵایەتیەکان...
بۆ نموونە شوشتنی مردوو و ھێنانەوەی بۆ ماڵەوە و دانیشتن لە دیاری و ماڵئاوایی کردن لە خوالێخۆشبوو ئەمانە قۆناغی یەکەمی رێز گرتنە.. دواتر نوێژی مردوو و شاردنەوە و تەلقین کردنی قۆناغێکی ترە.. پاش ئەوانەش تازیە و مەراسیمی پرسەیە کە خەلکێکی زۆر بەشدار دەبێت..
ئا بۆ ئەم مەبەستە دەبوایە پەرلەمان یاسایەک دابرێژێت و حکومەت رێنمایی دابنێت بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ مردوو..
بەرێزان ڤایرۆسی کۆرۆنا کاتێک توانای ھەیە لەسەر پلاستیک و ئاسن بۆ چەند رۆژێک بمێنێتەوە،، دڵنیابن لەناو لەشی لاشەی مردوو و لە دەم و لووتی دەمێنێتەوە کە ھەرچەندە خانەکان مردوون بەڵام میدیاکە ھەر ماوە کە ڤایرۆس تێیدا توانای مانەوەی ھەبێت بە لایەنی کەم بۆ چەند رۆژێک..بەمەش دەبێت کەسانی مردوو شۆر وەکو ستافی نەخۆشخانەکان چۆن مامەلە لەگەل نەخۆش دەکەن، ئاواش مامەڵە لەگەڵ مردووەکە بکەن.. دواتر دەبێ بە ھیچ جۆرێک مردووەکە نەبرێتەوە ماڵەوە و دوای کفن کردنی تەواوی جەستە، دەکرێ مامۆستای ئاینی بە تەنھا نوێژی لەسەر بکات..کەسانێکی زۆر کەم کە (٢-٤) کەس بە ھەمان رێکاری خۆ پاراستنی تەندروستی ، دەتوانن ئامادەی ناشتنەکەی بن و لە دووری ٢ مەتر لەیەکتر بووەستن..
ئەمەی سەرەوە لە ستانداردە جیھانیەکانە بۆ مام ڵە لەگەڵ مردووەکانە بە کۆرۆنا ڤایرۆس..
بە پێی ووتەی خانەوادەی تازیەدارەکەی کارێزان ئەگەری زۆرە مردووەکە بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە مردبێت.. نیشانەکانی نەخۆشیەکەی ھەبووە.. بەڵام نەخۆشخانەکان بە ووردی مامەڵەیان لەگەڵ کەیسەکە نەکردووە.. من خۆم گلەییەکی زۆرم لەو ڕوانگەیەوە ھەیە.. ھەندێک لە دکتۆرەکان کاتێک نەخۆشێک دەچێتە لایان دەستنیشانکردنی سەرەتاییان ئەو نەخۆشە ترساوە یان شلەژانی دەروونی ھەیە کە لە نێوان خۆیان بە HYS ناوی دەبەن (بە پێی توێژینەوە نزیکەی ١٠٪ ی نەخۆشەکان لە ئیمێرجێنسی بە ھەڵە دەستنیشان دەکرێت لە وولاتێکی وەکو سعودیە).. بەمەش بازاری خەلکی جادووکەر و دوعاکەر خۆش دەکەن..
بۆیە ئەگەر ئەو خوالێخۆشبووە بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە مردبێت ،، ئەگەر ھەیە کە کەس و کارەکەی لە خودی مردووەکەوە تووشبووبن و نەخۆشیەکە لە نێوانیان گواسترابێتەوە لەبەر ئەوەی نە زانیویانە چۆن مامەڵە لەگەڵ مردووەکە بکەن.. نە رێنماییەکانی تەندروستیان بە ھێند وەرگرتووە و تێکەڵاوی و تازیەیان داناوە..
لەم سۆنگەیەوە داوا دەکەین کەوا حکومەت دەزگایەکی تەندروستی تایبەت ڕاسپێرێت بە شوشتن و نوێژکردن وشاردنەوەی مردووەکان بە پێی ئەو ڕێکارانەی سەرەوە..
د. کارزان محمد
بەرێوەبەری گشتی
سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەلاحەددین- ھەولێر
سەرۆکی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا
سەرچاوەکان:
https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/20673567/
https://www.gov.uk/government/publications/covid-19-guidance-for-care-o…