
بە سەرپەرشتی دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی جێگری سەرۆکی دەستەی باڵای پڕۆژەی کەمپی نوێی زانکۆی سەلاحەدین و سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و ئەندامانی لێژنەی باڵاو بەشێک لە لێژنە فەرعییەکانی پڕۆژەکە کۆبونەوەی کۆتایی بەشی یەکەمی ماستەرپلان و دیزاینی پڕۆژەی کەمپی نوێی زانکۆی سەلاحەدین سازکرا. لە کۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆکی دەستەی باڵا سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی کرد کە پاڵپشتی تەواوی ئەنجامدانی ماستەرپلان و دیزاینی پڕۆژەکەی کردوەو ماوەی دوو ساڵ و دوو مانگ لەلایەن کۆمپانیای دار ئەلهەندسە بە چاودێری و سەرپەرشتیارانی لێژنەیەکی پسپۆڕی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدین کارەکان ئەنجامدراوە، هەروەها دکتۆر ئەحمەد دزەیی سوپاسی یەکە یەکەی ئەندامانی لێژنەکانی کرد کە لەم ماوەیەدا لە خۆبوردوانە توانیویانە خەونێکی دێرینی شاری هەولێرو زانکۆکەیان بهێننەدی، دووپاتیشی کردوە بەشداری دڵسۆزانەی ئەوان نەبوایە لە پڕۆسەی ئەنجامدانی پڕۆژەکە ئەمڕۆ بەشی یەکەمی ماستەر پلان و دیزاینی پڕۆژەی کەمپی زانکۆی سەلاحەیدن لەم دۆخە نالەبارە ئابوورییەدا دروست نەدەکرا. جێگری سەرۆکی دەستەی باڵا هیوای خواست هەرچی زووە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت تا بە زووترین کات لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ساڵانە لە پڕۆژە بووجەدا بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت و دەست بە پڕۆسەی بیناسازی بکرێت، ئەوەشی گوت: دەخوازین هەموو دڵسۆزانی شاری هەولێرو خەمخۆرانی خوێندنی باڵا بە تایبەت ئەو بڕیار بەدەستانەی دەرچووی زانکۆی سەلاحەدینن بە هەموو توانایەکیانەوە پشتگیری لە دابینکردنی بوودجەی تایبەت بۆ قۆناغی دووەمی دەستپێکردنی پڕۆسەی تەلارسازی کەمپەکە بدەن، چونکە بە تەواوبونی ئەو کەمپە زەبەلاحە ناوازەیە زانکۆو هەولێر تەنانەت کوردستانیش پێدەنێتە قۆناغێکی دیکەی زانستی و ژینگەیەکی ئەکادیمی و مەعریفی هاوششیوەی زانکۆ جیهانیەکان بۆ قوتابیان و مامۆستایان دەڕەخسێت.
بەروار :٢٠١٥/٨/٢٥