
دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ پێشوازی لە خالید عەبدولرحمان دۆسکی وەزیری رۆشنبیری و وەرزش و لاوان کرد، لە دیدارێکدا باس لە پتەوکردنی دەزگاکانی حکومەتی کوردستان و زانکۆکانکرا بە ئامانجی بە زانستیکردنی کارو چالاکییەکان. هەر لە دانیشتنەکەدا زانکۆی سەلاحەدین و وەزارەتی رۆشنبیری و وەرزش لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆتۆکۆلی هەماهەنگی و کولتووری لە نێوانیاندا واژووکرا، کە ئەو پرۆتۆکۆلە بۆ پلان و ستراتیژی فەرهەنگی و ئەکادیمی نێوانیانە لەسەر هەردوو ئاستی ناوەخۆو دەرەوەدا، بە جۆرێک لەسەر هەردوو ئاستدا هەردوولایەن چالاکی رۆشنبیری و هونەری و میدیایی و رۆشنبیری بە یەکەوە ئەنجام دەدەن لە شێوەی پێشانگای کتێب و سازکردنی سمیناری رۆشنبیری و کۆنفڕانس و وۆرکشپەکان و چالاکی هەمەچەشنەی وەرزشی و هونەری، هەروەها لەسەر ئاستی دەرەوەشدا کار دەکەنە بۆ کردنەوەی کەناڵێکی کرای پەیوەندی فەرهەنگی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بۆ ناردنی شاندنی کولتووری و جیهانی فرانکۆفۆنی جێرمانەفۆنی.
بۆئەم مەبەستەش زانکۆی سەلاحەدین کادیری ئەکادیمی و زانستی لە پسپۆڕییەکانی راگەیاندن و وەرزش و هونەر دابین دەکات بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان تا بەیەکەوە چالاکییە جۆربەجۆرەکان بخەنەڕوو بۆ کۆمەڵگەی کوردستانی و جیهانی. لە کۆتاییدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئامادەیی زانکۆی نیشاندا بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ گشت وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمیە کوردستان بەتایبەت وەزارەتی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان.
بەروار :٢٠١٦/٣/١٦