لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین پ.ی.د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیى پێشوازیکرد لە شاندێکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە سەرۆکایەتی دکتۆرە ڤیان سلێمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان. لە دیدارێکدا باس لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆ و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی تایبەت بە پرسی ئافرەتان کرا، هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ساڵی داهاتوو چالاکی هاوبەش لەمەڕ پرسی ئافرەتان و کاراکردنی رۆڵی قوتابیانی کچ لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە کرایەوە. لەلایەکی دیکەوە تیشک خرایە سەر ئەو کۆنفڕانسەی کە بڕیار وایە بە هاوکاری زانکۆکانی کوردستان یەکێتی ئافرەتانی کوردستان سازی بکات لەبارەی رۆڵی ئافرەتانی کورد لە شۆڕشەکانی ئەیلول و گوڵان و راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و کاریگەرییەکانی شەڕ لە سەر ئافرەت لە بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونی و سیاسییەکان. لە دانیشتنەکەدا سەرۆکی زانکۆ ئامادەیی زانکۆی دەربڕی کە مامۆستایان لە پسپۆڕی تایبەتی خۆیان بەشداری دەکەن، بۆ ئەمە مەبەستە هانی مامۆستایانی زانکۆ دەدرێت کە بتوانن بە توێژینەوەی زانستی بەشداری کۆنفڕانسەکە بکەن و پاڵپشتی ئەو رێکخراوە دێرێنەی ئافرەتان بکەن.
بەروار :٢٠١٥/٦/٢٣