
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ پێشوازیکرد لە تان بانگ لین کونسولی گشتی چین و جیان فانگینگ جێگری کونسلی گشتی چین لە هەولێر کرد، لە دیدارێکدا باس لە بەهێزکردنی پەیوەندی زانکۆی سەلاحەدین لەگەڵ زانکۆ چینیەکان کرا کە بتوانرێت ئەزمونی زانکۆ پێشکەوتوەکانی چین بگوارزرێتەوە هەرێمی کوردستان، هەروەها جەخت لەسەر ناردنەدەرەوەی قوتابیانی کوردستان کرا بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە زانکۆ چینیەکان وکردنەەوەی پەیمانگەی کۆنفۆشسی لە زانکۆی سەلاحەدین تا بتوانرێت لە رێگەی ئەو پەیمانگایەوە کۆڕسی فێربونی زمانی چینی بکرێتەوە، هەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە ئەگەری کردنەوەی بەشی زمانی چینی لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین کرایەوە.
شیاوی باسە زانکۆی سەلاحەدین پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە زانکۆکانی جیهان هەیە بەتایبەت ئەو زانکۆیانەی پاڵپشتی کردنەوەی زمانی رەسەنی وڵاتەکانیان دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا زانکۆی سەلاحەدین لە چەند ساڵی رابردودا هەوڵیداوە بەشی زمانەکانی( فارسی، تورکی، ئەڵمانی، فەڕەنسی) بکاتەوەو ئێستاش نیازی هەیە ئەگەر پێداویستیە زانستی و کارگێڕیەکانی بەشی زمانی چینی دابین بکرێت و پاڵپشتی بکرێت لەلایەن زانکۆ چینیەکان ئەوە بەشی زمانی چینی بکاتەوە، بەهۆی ئەوەی بازاڕی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پێویستی بە پسپۆڕی زمانی چینی هەیە و ئاڵوگۆڕیەکی زۆری بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چین.
بەروار :٢٠١٦/٥/١٠