
کاتژمێر (٩:٣٠) شەوی پێنج شەممە ٢٠١٦/٦/٣٠ بە چاودێری رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدروشمی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە زامنی سەربەخۆبوونە لە یاریگەی نێودەوڵەتی شەهید فڕەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر، بە ئامادەبونی دکتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی بالااَوتوێژنەوەی زانستی کە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەکرد لە مەڕاسیمەکە، هەروەها وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێرو ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و بەغدا و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، زانکۆی سەلاحەدین ئاهەنگی خولی (٣٥)ی دەرچووانی سازکردو بڕوانامە بەسەر لە ٣٩٦٤ قوتابی دەرچوو بەخشی. سەرەتای ئاهەنگەکە بەهاتنە ژوورەوەی دەرچووانی خولەکەو مامۆستایانی زانکۆکە بۆ ناو یاریگاکە دەستی پێکرد، پاشان بۆ ریزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان ئامادەبوان چەندخولەکێک وەستان، دواتر چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە. ئینجا وتاری سەرۆکی لێژنەی باڵای ئاهەنگی دەرچووان لەلایەن (پ.ی.د.جەهەر فەتاح سەعید) خوێنرایەوە. هەر لە ئاهەنگەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین (پ.ی.د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیی) پەیامی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە کە لە بەشێکی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم دا هاتووە:
جێگەی شانازییە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە قوتابیانی خۆشەویستی زانکۆی سەلاحەدین بڕوانامەی دەرچوونیان بەسەرکەوتوویی وەرگرتووە و خۆیان بۆ قۆناغی هەوڵدان و خزمەتکردنی وڵاتەکەیان ئامادە کردووە. بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی قوتابیانی دەرچووی ئەم خولە دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. دەستخۆشی لە سەرجەم مامۆستا بەڕێزەکان دەکەم کە ئەرکی پیرۆزی پێگەیاندنی قوتابیانی خۆشەویستیان لەسەر شانە و پێزانینم بۆ رۆڵ و ماندووبوونیان هەیە. سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆ و کۆلیژ و بەشەکانی زانکۆی سەلاحەدین دەکەم کە سەرپەرشتی پرۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی قوتابیانی ئەم خولەیان بەسەرکەوتوویی ئەنجام داوە.
پاشان دکتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەنوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد، لەسەرەتای وتارەکەیدا بەناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پیرۆزبای گەرمی لە دەرچوان و سەرکەوتنی ئەو پۆلە گەنجەی لە کۆڕان و کچان کرد، ڕاشیگەیاند: دەبێت هەموو لایەکمان ئەو ڕاستییەمان لە پێش چاو بێت، کە ئێستادا نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە سەرتاسەری دونیابەهۆی کاریگەری تەکنۆلۆجیا و گۆڕانکاری خێرا لە بارودۆخی ئابووری وڵاتان، دەرچوانی زانکۆکان ڕوبەڕوی تەحەدیاتی گەورە دەبنەوە، بازاڕی کار بەخێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، د.یوسف گۆران ئەوەشی ڕاگەیاند: کە هەموو دونیا لەسەر ئەو پرانسیپە کۆکن کە هەڵگرانی بڕوانامەی زانستی و دەرچوانی دامەزراوە زانستییەکان نەک تەنها دەبێت ئامادەی پێشبڕکێ بن بۆ دەستکەوتنی کار لە کەرتە جیاکانی گشتی و تایبەت، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدەن خۆیان هەلی کار بخولقێنن، هەروەم ئاشکراشیکرد کە ئەم گۆڕانکاریانە ئەرکی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵایان قورستر کردوە، سەرکردەکان و داڕێژەرانی سیاسەتی گشتی خویندنی باڵا دەبێت خۆیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەکانی سەدەی بیست و یەک و سەردەمی تەکنۆلۆجیای نوێ ئامادە بکەن، پێویستیمان بەوەیە کە ورد تر لە پێداویستییەکانی ئێستای بازاڕی کار بڕواننین.
لە ئاهەنگەکەدا نوێنەری قوتابیانی دەرچوو وتارێکی بەناوی قوتابیانی دەرچوو خوێندنەوە.
بەشێکی دیکەی مەڕاسیمەکە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی سوێندی دەرچووان کە لەلایەن (پ.د. ئیبراهیم حەمەڕەش) خوێنرایەو دەرچووانیش سوێندەکەیان دووبارە دەکردووە.
لە کۆتایی کەرنەڤاڵە ئەکادیمیەکەدا راگری کۆلێژەکانی زانکۆ داوایان لەسەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین کرد کە بڕوانامە ببەخشێت بە دەرچووان و سەرۆکی زانکۆش بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدرابوو لە ئەنجومەنی زانکۆ بڕوانامەی بەخشییە (٣٩٦٤) قوتابی لە (١٤) کۆلێژی جیاواز، دواتر ئاهەنگەکە بە بروسکەی پیرۆزبایی دەزگاکانی هەرێمی کوردستان و یاری ئاگرین کۆتایی هات.
بەروار :٢٠١٦/٧/٢