
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین: ئەو قوتابیانەی لە تاقیکردنەوەی پرۆسەی وەرگرتنی راستەوخۆی کۆلیژەکان وەرنەگیرا، ناوی دەچێتەوە ناو سیستەمی ئۆنلاین و مافی نافەوتێ
ئەمڕۆ لە بەشەکانی کۆلیژی پەروەردەی سەر بە زانکۆی سەلاحەدی دەستکرا بە پرۆسەی وەرگرتنی راستەوخۆی قوتابیان. بەهۆی گرنگی پرۆسەکە لە پرێس کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە و دکتۆر خەتاب نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە هۆڵی کۆلیژی پەروەردە تیشک خرایە سەر وردەکاری و گرنگی پرۆسەکە.
سەرەتا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین گوتی: پرۆسەی وەرگرتنی راستەوخۆی قوتابیان، پرۆسەیەکی نوێ و گۆڕانکارییە لە سیستەمی ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان، هەندێ لە کۆلێژەکان بە سیستەمی ئۆنلاین ماونەتەوە و هەندێکی تریان سیستەمی راستەوخۆ تێدا بەکاردەهێرنێت، بەتایبەتی ئەو کۆلیژانەی راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە کۆمەڵگا، پێشتر کۆلیژەکانی هونەرە جوانەکان و پەروەردەی وەرزشی و بەشی راگەیاندن لە کۆلیژی ئەدەبیات لەسەر هەمان سیستەمی راستەوخۆ بوو، کە تێیدا قوتابی تاقیکردنەوەی پراکتیکی تێدا ئەنجام دەدا. جگە لەم کۆلیژانە ئێمە ئەمساڵ لە زانکۆی سەلاحەدین بڕیارماندا کۆلیژی پەروەردە لە هەولێر و کۆلیژی پەروەردە لە مەخموور و کۆلیژی پەروەردە لە شەقڵاوە و کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی لە هەولێر و لەگەڵ کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکان لە هەولێر، بخرێتە سەر سیستەمی راستەوخۆی وەرگرتنی قوتابیان. کە قوتابی دەتوانێ داواکاری پێشکەش بکات و دواتر تاقیکردنەوە ئەنجام بدات و دواتر ناوەکەی دەدرێتە ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان.
بۆ هۆکاری دەستنیشانکردنی کۆلیژی پەروەردە، سەرۆکی زانکۆ گوتی: مامۆستا پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگا و قوتابیان هەیە، ئاست بەرزی مامۆستا دەبێتە هۆی پەروەردە کردنی نەوەیەکی ئاست بەرز، بۆیە لەم روانگەیەوە ئەو قوتابیەی کە داوا پێشکەش بە کۆلیژی پەروەردە دەکات، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێ کە قوتابییەکە ئارازووی پیشەی مامۆستایەتی دەکات. دوای چەندین تاقیکردنەوەی تیۆری و پراکتیکی لەلایەن لیژنەکانی کۆلیژ و رەچاوکردنی نمرەی قوتابییەکە کە نابێت لە ٦٠% کەمتر بێت و هەڵسەنگاندنی ئارەزووی قوتابییەکە، ئینجا قوتابیەکە لەو بەشە وەردەگیرێت کە ئارەزوو دەکات. لەم پرۆسەیە کێشەی دابەشکردنی مامۆستایان بەسەر ناوچە جوگرافییەکان کەم دەکاتەوە و یاخود هەر ناهێڵێت، کە لەم پرۆسەیە قوتابی ئەو ناوچەیە یاخود ئەو شارەی کە کۆلیژەکەی لێیە دەتوانێ داواکاری پێشکەش بکات و لە دوا رۆژ لە هەمان ناوچە و شوێنی جوگرافی خۆی پیشەی مامۆستایی بکات.
هەروەها سەرۆکی زانکۆی گوتی: تاقیکردنەوەی ئەمڕۆ لە بەشە زانستییەکانی کۆلیژی پەروەردەیە، کە تێیدا ١٧٦٠ قوتابی بۆ بەشە زانستییەکان داواکاری پێشکەش کردووە و هەروەها ١٢٩٠ قوتابی بۆ بەشە مرۆڤایەتییەکان داوتکاری پێشکەش کردووە. ئەو قوتابیانەی کە لەم بەشانە وەردەگیرن مافی دابەزینیان بۆ بەشێکی تر یاخود کۆلێژێکی تر نییە، ئەگەر وەریش نەگیرا، ئەوا ناوی دەچێتەوە ناو سیستەمی ئۆنلاین و دەتوانرێت لە کۆلێژێکی دیکە وەربگیرێت.
دواتر دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە گوتی: سوپاسی وەزارتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانکۆی سەلاحەدین دەکەم بۆ ئەم هەنگاوە زانستییە. وەزارەتی پەروەردە چەندین ساڵە کەموکوڕیمان لە بەشە زانستییەکانی وەکو کیمیا و فیزیا و بیرکاری و زیندەوەرزانی و هەروەها بەشی ئینگلیزی هەیە، ژمارەی مامۆستامان لەم بەشانە کەمە. بۆیە ئەم هەنگاوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆی سەلاحەدین ئەم پێداویستانەمان بۆ پڕ دەکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە ئێمە چەندین ساڵەی کێشەی جوگرافیمان هەیە بۆ مامۆستایانی شوێنی دوورەکان، کە ئەم هەنگاوە زانستییە ئەم کێشەیەشمان بۆ چارەسەر دەکات، مامۆستایان دەتوانن لە هەمان شوێنی جوگرافی و دەڤەرەکەی خۆیان ببن بە مامۆستا. هەروەها ئەم هەنگاوە وادەکات گوشار لەسەر شارەکان کەم بێتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وەزیری پەروەردە گوتی: ئارەزووی وانە وتنەوە، ئەرکێکی زۆر پیرۆزە، هەموو کەسێک ناتوانێت پیشەی مامۆستایەتی بکات و وانە بڵێتەوە، ئەمڕۆ ئەگەر قوتابییەک بە ئارەزووی خۆی حەز بکات ببێت بە مامۆستا، ئەوا لە ئایندەدا باشتر خزمەت بە نەوەکانمان دەکات لەچاو ئەو قوتابییەی کە بەبێ رەزامەندی خۆی ببێتە بە مامۆستا.
هەروەها دکتۆر خەتاب نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتی: لەماوەی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا دوو پرۆژەی گرنگی راگەیاند، یەکەمیان بریتیی بوو لە سەربەخۆیی دارایی زانکۆکانی کوردستان، دووەمیان بریتیی بوو لە سەربەخۆیی کارگێری زانکۆکان. بۆیە پرۆسەی وەرگرتنی راستەوخۆی قوتابیان یەکێکە لە هەنگاوە سەربەخۆکانی کارگێری زانکۆکان، کە خۆیان بڕیار دەدەن قوتابی چۆن وەردەگیرێت. گرنگی ئەم هەنگاوە زانستییە بریتییە لە، کەمکردنەوەی ئەو گوشارە دەروونییەی کە لەسەر قوتابیانی پۆڵی شەشەمی ئامادەیی هەیە، هەروەها رەچاوی خواست و داواکاری قوتابی دەکرێت. بۆیە دەست خۆشی لە زانکۆی سەلاحەدین دەکەین بۆ ئەم پرۆژە زانستییە و پیرۆزبایش لە سەرجەم قوتابیان دەکەین. بۆ ئەم مەبەستەش لە مانگی ١٠ی داهاتوو کۆنفرانسێکی زانستی لەبارەی بابەتی وەرگرتنی راستەوخۆی قوتابیان لە کۆلیژەکان بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زانستی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
بەروار :٢٠١٦/٩/٦