لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە ئامادەبونی دکتۆر محەمەد رەشید موختار یاریدەدرەی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و سەرۆکی بەشی زمانی فەڕەنسی لە کۆلێژی زمان پێشوازیکرد لە ژانی بۆردێ بەڕێوەبەری پەیمانگەی فەڕەنسی لە هەولێر لە دیدارێکدا باس لە پەیوەندی ئەکادیمی و زانستی نێوان زانکۆی سەلاحەدین و پەیمانگەکە کرا، هەر لە دانیشتنەکەدا ئاماژە بە ناردنی مامۆستایان و قوتابیانی بەشی زمانی فەڕەنسی زانکۆی سەلاحەدین بۆ زانکۆ فەرەنسیەکان کرا بەتایبەت بۆ زانکۆی ئارتوای فەڕەنسی.
هەروەها لەو دیدارەدا تیشک خرایە سەر ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش لە بواری بەگەڕخستنی دەرچووان لە کەرتی تایبەت و کردنەوەی وۆرکشۆپێکی راهێنان لە بواری وەرگێڕان لە زمانی فەڕەنسی، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بەڕێوەبەری پەیمانگاکە ئامادەیی دەربڕی ستافی ئەکادیمی دابین بکەن لە ئەگەری کردنەوەی خوێندنی ماستەر لە بواری زمانی فەڕەنسی لە زانکۆی سەلاحەدین.
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە دەستپێشخەری ئەو پەیمانگەیەو ئاماژەی بە کارەکانی خۆی کرد لە رابردوو و لە ئێستادا لە بەستنی پەیوەندی نێوان زانکۆکانی فەڕەنساو زانکۆکانی کوردستان و رۆڵی زانکۆ پێشکەوتوەکانی ئەو وڵاتەی بەرز نرخاند لە پێگەیاندنی کادیری ئەکادیمی بۆ زانکۆکانی کوردستان.شیاوی باسە ئەو پەیمانگەیە رۆڵی گرینگی هەیە لە برەودان بە زمانی فەڕەنسی و دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی فەڕەنسا.
بەروار :٢٠١٥/١١/٨