ئەمڕۆ ڕێکكەوتی 27ی نیسانی 2025 لە دەستپێكی چالاكییەكانی هەفتەی گشتگیری دارایی كە بە بەشداری زیاتر لە 30 بانك و دامەزراوە و كۆمپانیای بواری دارایی لە کۆلێژی بەرێوەبردن و ئابووری زانکۆی سەلاحەدین دەستیپێكرد و بۆ ماوەی 10 لە گشت پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، "پ.د. شریف مولود شریف" یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، بە ناوی سەرۆكایەتی و ئەنجوومەنی زانكۆوە بەخێرهاتنی ئامادەبوانی كرد، پاشان وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی پێشكەشكرد:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
مێوانە بەڕێزەکان،
مامۆستایان و قوتابییانی خۆشەویست،
ئامادەبوانی بەرێز،
بەیانیتان باش...
بە ناوی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین بەخێرهاتنێکی گەرمتان لێدەکەین، خۆشحاڵین کەوا ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لەم چالاکیە گرنگە بەشدار دەبین لە ژێر ناونیشانی (هەفتەی گشتگیری دارایی).
بەرێزان....
رێكخستنی هەفتەی گشتگیری دارایی (الشمول المالي) لە پارێزگای هەولێر و ئەمڕۆ لە كۆلێژی بەرێوەبردن و ئابووری زانكۆمان ئاماژەی هاوکارییەكی گرنگ و پێویستە لە نێوان بانکەكان و ناوەندە زانستییەكان. لەم ڕوانگەیەوە، ئەم چالاكیە لە پێشانگەیەك زیاترە، لەناوەڕۆكدا بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری داراییە و بەرزکردنەوەی متمانەیە لە نێوان دامەزراوە داراییەکان و هاونیشتمانیاندا، لە هەمانكاتدا هەنگاونانە بەئاڕاستەی دروستکردنی پردێكی بەهێز لە نێوان کەرتی بانكی و کۆمەڵگەی ئەکادیمی. بە تێگەیشتنی ئێمە پەیامی ئەم دەستپێشخەرییە ڕوونە، ئەویش خزمەتگوزاری و زانیاری دارایی بۆ هەموان، بە تایبەتیش قوتابییان و لاوانی نیشتمانەكەمان. كە یەكێك لە ئامانجەكان ئاشناکردنی قوتابییانی زانکۆمانە بەكەرتی بانكی، هەروەها بەرەوپێشبردنی هۆشیاری دارایی و هاندانی گشتگیری داراییە.
ئامادەبوانی بەرێز....
ئێمە لە زانكۆی سەلاحەدین ڕۆژانە لەسەرئاستی زانکۆ، کۆلێژ و بەشەکان چەندین کار و چالاکی جیاجیا ئەنجامدەدەین بۆ قوتابیان و مامۆستایان بە مەبەستی ئاشناکردنیان بە زانستی سەردەم و پێشووەچوونەكان، هەروەها بەستنەوەی زانکۆمان بە بازاڕی کارەوە، هەر لەم سۆنگەیەوە باوەڕمان وایە کە تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دارایی، گەیشتن بە خزمەتگوزارییە داراییەکان و بەكارهێنانی سیستەمی بانکی مۆدێرن تەنها کارامەیییەکی پێویستی ژیان نییە، بەڵكو بنچینەی بەهێزکردنی کەسی و گەشەپێدانی نیشتمانییە.
لەكۆتایدا، سوپاسی بانکی ناوەندی دەكەم بۆ هاوكاری و هاوبەشیان لەگەڵ زانكۆمان. هەروەها سوپاسی سەرجەم بانکە بەشداربووەکان دەکەم بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ كۆلێژ و قوتابییانمان و دەستخۆشی لە ڕاگرایەتی كۆلێژی بەرێوەبردن و ئابووری و مامۆستا بەرێزەکان دەکەم. لێرەوە هانی قوتابییان دەدەم كە پرسیار بکەن، بەدواداچوون بكەن بۆ ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن، و ئەم دەرفەتانە بەباشی بەكاربهێنن بۆ بنیاتنانی ڕۆشنبیریەكی باشی دارایی. نابێ ئەوەش لەبیر بکەین پێویستە سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم چالاکیەش بکەم و دەستیان خۆشبێ.
دووبارە هەموولایەك بەخێربێن.