
لە لێدوانێکدا دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند: ئەمڕۆ کاتژمێر(٩)ی شەو بە چاودێری رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدروشمی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە .... زامنی سەربەخۆبوونە لە یاریگەی نێودەوڵەتی شەهید فڕەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر، زانکۆی سەلاحەدین ئاهەنگی خولی (٣٥)ی دەرچووانی سازدەکات و بڕوانامە بەسەر لە ٣٩٦٤ قوتابی دەرچوو دەبەخشێت. هەر بەم بۆنەیەوە جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی قوتابیانی دەرچووی خولی (٣٥)ی زانکۆی سەلاحەدین کردووە بڕیارە لە ئاهەنگەکە بخوێنرێتەوە.
شیاوی باسە زانکۆی سەلاحەدین لە کاتی دامەزراندنییەوە تا ئێستا زیاتر لە ٧٥ هەزار قوتابی وخوێندکاری لە خوێندنی بەکالۆریۆس پێگەیاندووە، هەروەها لە ٩٠ بەشی زانستی و ١٤ کۆلێژ پێکدێت، جگە لە زانکۆی هەولێری پزیشکی و زانکۆی سۆران هەموو زانکۆکانی دیکەی کوردستان لە منداڵدانی ئەو زانکۆیە لە دایک بوونە. ئێستا نزیکەی ٢٤ هەزار قوتابی بە کالۆریۆس و ژمارەی مامۆستایانی گەیشتۆتە زیاتر لە دوو هەزار مامۆستا کە لە نێو ئەوژمارەیەدا ١٠١ یان نازناوی پرۆفیسۆریان هەیە.