
لە چوارچێوەی ئەو پرۆژانەی زانکۆی سەلاحەدین لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا ئەنجامی دەدات بە ئامادەبوونی (د.ئەحمەد دزەیی) سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین و یاریدەدەرای سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلیژەکان و ئەندامانى ئەنجومەنی زانکۆ، زانکۆی سەلاحەدین تاقیگەى فێربوونی ئەلیکترۆنی (پەروەردەیی) لە سەنتەرى تەکنەلۆژیا کردەوە.
ئەم تاقیگەیە لەسەر بودجەى پرۆگرامی ئیراسمۆس پلاسی یەکێتی ئەوروپا دروست کراوە، وەک سەرۆکى زانکۆ رایگەیاند: ئامانج لەم تاقیگەیە ئەوەیە مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین کار لەسەر فۆرمێکى سەردەمیانە بکەن بۆ ئامادەکردنی وانەکانیان لەسەرجەم قۆناغەکانى خوێندنی زانکۆییدا و پرۆژەکە گرنگی دەدات بە چۆنیەتی ئامادەکردنی پاوەرپۆینت و ئامادەکردنی سەرچاوەکان و کۆرس بووک. هەروا روونى کردەوە کە دواى ئەوەی مامۆستایانی زانکۆ لەو تاقیگەیەدا خولی راهێنانی تایبەت دەبینن، دەتوانن لە هەر کوێیەک بن وانەکانی خۆیان بەو شێوازە رێک بخەن و دواتر لە سەنتەری ئیبن سینا تۆماری بکەن پاشان ئەو وانە تۆمارکراوانە دەخرێنە سەر وێبسایتی زانکۆ و لەوێوە قوتابیان دەتوانن راستەوخۆ لە ئەنتەرنێت بابەت و وانەکانیان وەربگرن، بێ گەڕانەوە بۆ مەلزەمەو نوسینەوەى بابەتەکان، تەنانەت ئەو قوتابیانەش کە لە وانە ئامادە نابن دەتوانن وانەکان وەربگرن.
شایەنی ئاماژەپێدانە ئەم پرۆگرامە بە سەرپەرشتی زانکۆی لایپزیک لە ئەڵمانیا بەرێوەدەچێت، کە١٣ زانکۆ لە ئەوروپاو عیراق وئیران بەشداریان تێد کردووە. لەوانە زانکۆی سەلاحەدین، زانکۆی دهۆک، زانکۆی پۆلۆتەکنیکی دهۆک، زانکۆی بەغدا،و زانکۆی بەسرە.جگە لە سێ زانکۆ لە ئیران و چوار زانکۆش لە ئەوروپا.
هەروا سەرۆکى زانکۆ روونى کردەوە کە ئەم پرۆژەیە بەرزکردندەبێتە هۆى بەرز کردنەوەى ئاستی زانستى لە رووى شێوازى وانەووتنەوە، بۆ دەست پێکردنی پرۆژەکەش وا بریارە لە ١٥/١١ سێ مامۆستا بچنە ووڵاتی یۆنان بۆ ماوەی ١٠ رۆژ خولی راهێنان ببینن، دواتر ئەو مامۆستایانە دێنەوە کوردستان و لەو تاقیگەیە خولی تایبەتی بۆ مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین دەکەنەوە.