
دوا بەدواى راگەیاندنى ئەنجامى ریزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٥- ٢٠١٦ ، دانانى زانکۆى سەلاحەدین - هەولێر لە گروپى B ریزبەندى ئەنجومەنى زانکۆ ئەم ئەنجامە رەت دەکەینەوە لەبەر ئەم سەرنج و تێبینیانەى خوارەوە لەبارەى تێکراى پرۆسەکە:
١. وەزارەت بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنى وەزارەت لێژنەیەکى دامەزراند بۆ بەرێوەبردنى ئەم کارە کە لە چوار بەرێز پێکهاتبوون. بەڵام بەداخەوە نوێنەرى زانکۆمان و زۆربەى زانکۆکانى ترى تێدانەبوو بەڵکو نوێنەرى دوو لە زانکۆکانى تێدا بوو. جگە لەمەش بەبێ گەڕانەوە بۆ یاساى (١٠)ى ساڵى ٢٠٠٨ى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەبارەت بە پرسە ستراتیژیەکانى تایبەت بە خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کە پرسێکى گرنگ و ستراتیژى چارەنووسازى وەک پرۆسەى ریزبەندى نیشتمانى زانکۆکان پێویست دەکات لە ئەنجومەنى وەزارەت بڕیارى لەسەر بدرێت و پێوەرەکانى یەک لایى بکرێنەوە.
٢. فەرمانى لێژنەکەى ساڵى ڕابردوو لە وەزارەت هەڵوەشایەوە هەرچەندە داوامان کردبوو لە لێژنە نوێیەکەدا نوێنەرى زانکۆمانى تێدا بێت کەچى داواکاریەکەمان پشتگوێ خرا سەربارى ئەوەى جەنابى وەزیرو راوێژکار لەگەڵ ئەو ڕایە دابوون، بەڵام جێبەجێ نەکرا.
٣. تێبینى دەکرێت کە پێوەرەکان لە بەرژەوەندى هەندێک زانکۆى دیارى کراو بێت.
٤. بەڕاى ئەنجومەنى زانکۆ دەبوایە لە پرۆسەیەکى لەم جۆرەدا زانکۆکان بە پێى قەبارەکانیان پۆلین بکرابان، پێوەرەکانیش بە پێى قەبارە دانرابان نەک هەڵسەنگاندنى گشتى هەموو زانکۆکان بەیەکەوە بکرێت بۆ ئەوەى ئەنجامەکان زیاتر زانستى و داد پەروەرانە بایە. وە ریزبەندى دەبێت تەندروست و زانستى بێت وەک بەرێز جێگرى سەرۆکى حکومەت لە ووتارەکەى مەڕاسیمى ڕاگەیاندنەکە ئاماژەى پێداو جەنابى وەزیریش تیشکى خستە سەر ئەوەى کە ڕۆڵى قوتابى دەبێت هەبێت لە پیشاندانى ریزبەندى زانکۆکان، کەچى بەداخەوە ئێمە وەک زانکۆى سەلاحەدین دەبینین کە لە هەندێک زانکۆدا بۆ ماوەیەکى زیاتر لە رێژەى یاسایى نەهاتنى قوتابیان بایکۆتى دەوام کراوە بە پێچەوانەى زانکۆى سەلاحەدین، کە خوێندن تێیدا بەردەوام بووە و سەربارى ئەوەى کە ژمارەى قوتابیانمان لە گشت زانکۆکانى تر زیاترە.
٥. سەربارى ئەوەى دەستخۆشى و پیرۆزبایى لە زانکۆ پێشەنگەکان دەکەین بەڵام دەشپرسین ئایا ئەو پێوەرانەى کە داندراون تەندروستى بوون؟ ئایا زانستى بوون؟ ئەگەر وایە چۆن لە زانکۆیەکدا تاکە مامۆستایەک بتوانێت لە ساڵێکدا (٣٢) توێژینەوە ئەنجام بدات و لە گۆڤارى ئیمپاکت فاکتەر (impact factor) بڵاویان بکاتەوە و (٤٠) نمرە کە بۆ توێژینەوە داندرابوو بەدەست بهێنێت، واتا یەک مامۆستا پێوەرى زانکۆ بگەیەنێتە ژمارەیەک. ئەى مامۆستایانى تر چەند توێژینەوەیان هەیە؟ ئایا دەکرێت تەنها یەک مامۆستا ریزبەندى زانکۆ بەرزبکاتەوەو ئەم پرۆسە گرنگە لە بەرژەوەندى زانکۆکەى یەکلایى بکاتەوە؟
بەروار :٢٠١٦/١٠/١٩