
بە ناوى خواى بەخشندەو میهرەبان
ئامادە بووانى بەڕێز
شانازین بەوەى ئێمە ئەمڕۆکە وەک زانکۆى سەلاحەدین بە سەرجەم مامۆستایان و قوتابیان و کارمەندانیەوە بە تێکڕایى ، رێ و رەسمى رۆژى ئاڵاى کوردستان دەگێڕین و سەر بۆ ئەو ئاڵا پیرۆزەى نەتەوەکەمان دادەنوێنین کە لە دامێنى دا بە هەزاران شەهیدمان بە خشى و لە پێناوى بەرز راگرتنى بە شاڵاو قوربانیمان داوە ..
ئەو ئاڵا پیرۆزە هێماى بەرزى نیشتمانى و نەتەوەییمانە،هەمیشە خەونى هەرە گەورەى شەهیدانمان بووە، کە رۆژێ لە رۆژان بە چاوى خۆیان ئەو ئاڵایە ببینن ، لە پاڵ ئاڵاى نەتەوەکانى ئەو دنیایە لە نەتەوە یەگرتووەکان بە شکۆمەندى بشەکێتەوە و ئێمەش وەک نەوەى ئەو شەهیدانە ، شانازى بە ناسنامەى نەتەوەیى خۆمانەوە بکەین کە گەلێکین خاوەنى خاک و نیشتمان و ئاڵایێکى سەربەخۆین ، وەک نەتەوەکانى دیکە خەباتمان کردووە ، قوربانیمان بەخشیووە تا لە ژێر دەستى و داگیر کاریەتى رزگارمان بووە و سەربەخۆ بوونى خۆمان بە دەست هێناوە ..
بێگومان ئەو ئاڵایەى کوردستان مێژووییەکى پڕ لە شانازى هەیە و بۆ یەکەمجار لە سەرەتاى بیستەکاندا لە لایەن حزبێکى کوردستانى بە ناوى ( خۆیبوون ) کە داواى سەربەخۆ بوونى کوردستانیان کردووە ئەو ئاڵایە دەرکەوتووە ، دواتر لە لایەن شۆڕشە یەک لە دواى یەکەکانى کوردستان هەڵکراوە ، لە ٢٢ى کانونى دووەمى ساڵى ١٩٤٦ یش بە ئامادەبوونى جەماوەرێکى زۆر بۆ یەکەمجار پێشەوا قازى محەمەد لە گۆڕەپانى چوارچراى شارى مهاباد ئاڵاى کوردستانى هەڵکردو کۆمارى کوردستانى راگەیاند و پێشەوا قازى محەمەد وەک سەرۆک کۆمارى کوردستان هەڵبژێردرا ، بەڵام ئەو کۆمارە ساوایە ئەوەندەى نەخایاند کە دواى کشانەوەى سوپاى سوور لە خاکى ئێرانى و دامەزراندنى کۆمپانیایێکى پیترۆلى ئێرانى و سۆڤیەتى ، بزاڤى رزگار ى خوازى دیموکراتى کوردستان تێک شکێنراو کۆمارى کوردستان بە پشتگیرى ئەو کاتەى بریتانى و ئەمریکى روخێندرا ،دواى ئەو روخاندنە پێشەوا قازى محەمەد لە ١٧ ى کانوونى دووەمى ١٩٤٧، ئەو ئاڵایەى رادەستى مەلا مستەفا بارزانى کرد ..بۆ ئەوەى بەردەوامى بە خەباتى ئازادیخوازى کورد بدات لە پێناو ئازادى و سەربەخۆیى دا
دواى ئازاد کردنى باشوورى کوردستانیش پەرلەمانى کوردستان لە ١١/١١/١٩٩٩ بە شێوەیەکى فەرمى ئەو ئاڵایەى بە ئاڵاى هەرێمى کوردستان دانا ، رۆژى ١٧ ى ١٢ ى هەموو ساڵێکشى بە رۆژى ئاڵاى کوردستان دانا .
بە درێژایى مێژوو هەمیشە دوژمنانى کورد لە هەموو پارچەکانى کوردستانى گەورەدا بەربەرەکانى هەڵکردنى ئەو ئاڵایەیان کردووە ، لە سەردەمى نوێشدا چەندەى ئەوەندەى کورد هەنگاوى بەرەو سەربەخۆبوون نابێت ئەوەندە زێتر دژایەتى کراوەو سوتێندراوەو دڕاندراوە ،دەستى رەشى دەرەکى خزاوەتە نێو رێزى نیشتمانیمان ، بۆ دروست کردنى دووبەرەکایەتى و لێک ترازانمان و دروست کردنى کۆسپ و تەگەرە لە بەردەم ئەو هەوڵانەى دەدرێن لە پێناو بەدى هێنانى ئامانجى سەرەکیمان بۆ ئازادى و سەربەخۆ بوون .
دیارە ئەو ئەمانەتەى پێشەوا قازى محەمەد لە مهابادى خوێناوى بە مستەفا بارزانى بەخشى ، هەمان ئەو ئەمانەتە ئەمڕۆکە رادەستى سەرۆک مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کراوە ، بۆ ئەوەى درێژە بەو خەباتە بدات ، کە کورد لە شۆڕشە یەک لە دواى یەکەکانى خۆیدا دەستى پێکردووە، لە هیچ سەردەمێکیش دا لە مێژووى پڕ لە سەروەرى کوردستاندا ئەو خەباتەوەک ئەمڕۆ پێ نەگەییووە و نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە نێو دەوڵەتیە متمانە پێکراوە ، بە تایبەت لە قۆناغى ئازاد کردنى ئێراق لە ژێر دەستى رژێم و لە ناوچوونى عیراق و دواى دەست پێکردنى شەڕ دژى تیرۆرستانى داعش و ئەو نموونە جوانانەى پێشمەرگە نیشانى دا ، لە رووى قارەمانیەتى و قوربانیدان ، بوو بە مایەى سەرسوڕمانى گەلانى دنیا و دەنگدانەوەى کورد ، وەک گەلێکى خۆگرو ئاشتى خوازو قوربانى بەخش ..ئەمە واى کرد کە پێشمەرگەو ئاڵاى کوردستان ببن بە دوو سومبولى کوردو کوردستان .
هەروەها سەردانە یەک لە دواى یەکەکانى سەرۆک بارزانى بۆ ئەمریکاو وڵاتە ئەوروپیەکان و چاوپێکەوتنى لە گەڵ سەرۆکانى ئەو وڵاتانەو پەرلەمان و حکومەتەکانیان تێگەیشتنێکى زێتر لە لایەن ئەو وڵاتانەوە دروست بوو بۆ دۆزى کردو پرسى سەربەخۆ بوونى کورد .
هەر لەو سۆنگەیەوە سەرۆک بارزانى زۆر راشکاوانە پرسى ریفراندۆمى راگەیاند کە وەک پرۆژەیەکى سیاسى هەموو لایەنەکان کارى لە سەر بکەن و پێى وابوو کە ریفراندۆم مافێکى رەواى گەلى کوردە لە سەردەمى ئەمڕۆکەدا .
لە گەڵ وروژاندنى پرسى ریفراندۆم و جدى بوونى سەرۆک بارزانى لە پرۆسەى سەربەخۆ بوون و نەرمى نواندنى وڵاتانى دنیا و ئەو پەیوەندییە نێو دەوڵەتیە سیاسى و دبلۆماسیە چڕانەى هاتنە پێشەوە ، هێندەى تر هانى وڵاتە ئیقلیمییەکانى دا کە دژایەتى سەربەخۆ بوونى کورد دەکەن بۆ سەربەخۆ بوون ، بە چەندین شێواز ئەو پیلانانەى خۆیان دژ بەو ئامانجە دەست پێبکەن، ئەوەبوو ئاسەوارى ئەو پیلانانە بە ئاشکرایى لە کوردستاندا رەنگیان دایەوە ، هەر لە بڕینى بودجەى کوردستان لە لایەن حکومەتى فیدرالییەوە ، تا پرسى وروژاندنى شەقام و هەڵکوتانە سەر بارەگاکان و دەست تێوەردان لە کاروبارى پەرلەمان و دروست کردنى حەساسیەتى سیاسى لە نێو فراکسیۆنە کوردییەکان ، هەروەها رێگرى لە سەرجەم ئەو دەست پێشخەریانەى لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە کران بۆ رێکخستنەوەى ماڵى کورد ..
بەڵام هەموو ئەو هەوڵە نەزۆکانە لە لایەن ناحەزانى کورد ،هەڵوێستى نەگۆڕى سەرۆک بارزانى پاشەکشە پێ نەکرد بۆ دەست هەڵگرتن لە ئامانجى سەربەخۆ بوون و گەڕانەوە بۆ باوەشى حکومەتى مەرکەزى و ئەو گەمە سیاسیەى بە کورد دەکرێت بۆ گەڕانەوە بۆ دواوە ، بەڵکو زێتر هانى سەرۆک بارزانى داوە کە سووڕ بێت لەسەر مافە رەواکانى ئەو گەلە بۆ سەربەخۆ بوون و ئازادى .
بۆیە زۆرینەى گەلى کورد ئەمڕۆکە لە گەڵ سەرۆک بارزانى دایە بۆ بەردەوام بوون لە سەر بڕیارى سەربەخۆ بوون ، چونکە پێیان وایە هیچ رێگەیە کمان لە بەردەمدا نەماوە تەنیا رێگەى سەربەخۆ بوون نەبێت کە تاکە رێگەیەکى ریشەیى و بنەڕەتیە بۆ کۆتایى هاتن بە کێشەو ئاریشا سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتیەکانى ئەو گە لە ..
ئێمەش وەک زانکۆى سەلاحەدین بەم بۆنەیەوە پشتگیرى تەواوى خۆمان بۆ هەوڵەکانى سەرۆک بارزانى دەردەبڕین ، کە بە زانست و هزرو مەعریفە هەموو هەوڵو تەقەللاکانمان رێکخەین ، بە ئاراستەى ئەو ئامانجە پیرۆزە ، بڕواى تەواومان بەوە هەیە کە ئەو هەوڵانەى سەرۆک بارزانى ئەنجامە سەرکەوتووەکانى بە دەست دێنێ و مێژوو پێمان دەڵێ لە سەر دەستى مەسعود بارزانى سەربەخۆیى بۆ کوردستان دێتە دى ..
لە کۆتاییدا هەزاران سڵاو بۆ گیانى پاکى شەهیدانى رێگەى ئازادیخوازى کوردستان .
سڵاو لە پێشمەرگەى سونبولى ئازایەتى و نەبەردى و هێماى قارەمانیەتى و ئاشتى خوازى .
سڵاو لە گەلە خۆراگرو سەربەرزەکەمان .
هەر شەکاوە بێت ئاڵاى کوردستان بە کوێرایى چاوى دوژمنان
سڵاو لە کورد ..
سڵاو لە کوردستان ..
د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیى
سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین ـ هەولێر
بەروار :٢٠١٦/١٢/٢١