له چوارچێوه‌ی سه‌ردانێكیدا بۆ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا، پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر دكتۆر ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر دزه‌یى سه‌رۆكى زانكۆى سه‌لاحه‌دین سه‌ردانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى فیدڕاڵى ئه‌ڵمانیاى كرد و له لایه‌ن خاتوو بلیانا دیسكلیفا به‌رپرسى ئۆفێسى رۆشنبیرى وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه پێشوازی لێكرا. له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه خاتوو كێرین بهرپرسنى ئۆفێسى رۆشنبیرى تایبه‌ت به زمانى ئه‌ڵمانى و په‌یمانگاى گۆته‌ى ئه‌ڵمانى و دكتۆر ئه‌لیكسه‌نده‌ر ههریدى به‌رپرسى ئۆفێسى دادى ئه‌ڵمانى له عێراق و ئێران ئاماده بوو. سه‌ره‌تا به‌خێرهاتنێكى گه‌رمیان له سه‌رۆكى زانكۆى سه‌لاحه‌دین كرد و سوپاس و پێزانینى خۆیان ئاڕاسته كرد به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕۆڵه‌ى به‌ڕێزیان هه‌یبوو له دامه‌زراندنى به‌شى زمانى ئه‌ڵمانى و میوانداریهتیكردنى ئۆفێسى په‌یمانگاى گۆته‌ى ئه‌ڵمانى له ناو زانكۆى سه‌لاحه‌دین و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیه‌كانى زانكۆكانى ئه‌ڵمانى و زانكۆكانى عێراق و زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان. له‌م دانیشتنه كه له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى فیدراڵى ئه‌ڵمانیا له شارى به‌رلین ئه‌نجام درا باس له داهاتووى به‌شى زمانى ئه‌ڵمانى كرا وه چۆنیه‌تى به‌رده‌وام بوونى به تایبه‌تى ساڵى داهاتوو قوتابیان له‌و به‌شه كه بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس له زمانى ئه‌ڵمانى وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ها دانانى پلانێك بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رچووه یه‌كه‌مه‌كان هه‌لى خوێندنى باڵایان بۆ بره‌خسێت له (ماسته‌ر و دكتۆرا) له زمانى ئه‌ڵمانى بۆ دابینكردنى ستافى ئه‌كادیمى ئه‌و به‌شه كه یه‌كێكه له به‌شه هه‌ره ئاست به‌رزه‌كانی وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ڕۆڵى زانكۆى (لایزگ)یش له‌م رووه‌وه به به‌رز نرخێندرا كه پاڵپشتى زانكۆى سه‌لاحه‌دینی كردوه له جێبه‌جێكردنى پڕۆگرامه‌كانى ئه‌و به‌شه.