
لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر ئەحمەد ئەنور دزەیى پێشوازى لە شاندێکى زانکۆى ئەمریکى لە کوردستان لە شاری دهۆک کرد. شاندەکە پێکهاتبوو لە دکتۆر مایکل ولییەم مولینێکس سەرۆکی زانکۆکەو دکتۆر هونەر عیسا ئەندامی بۆردی زانکۆی ناوبراو. لە دیدارێکدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وێڕای خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوەی زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان لە شاری دهۆک، پیرۆزباییکردنەوەی یەکەم تەلاری باڵەخانەی زانکۆکەیانی لێکرد کە بە کوالێتیەکی بەرز و بە مۆدێلێکی ئەمەریکی دروستکراوە، هیواشی خواست دەرچووانی ئەو زانکۆیە شان بەشانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی تازەی ئەمەریکی بە پێشکەوتوترین سیستەمی زانستی و ئەکادیمی جیهان پێشکەش بە کوردستان بکەن.
سەرۆکی زانکۆ ئەوەشی راگەیاند رەخساندنی زەمینەسازی بۆ کەرتی تایبەت لە بواری خوێندنی باڵا بۆ کردنەوەی زانکۆ بە کوالێتی بەرزو تێپەڕبون بە پڕۆسەی دڵنیایی جۆریی ئەرکی زانکۆ حکومییەکان کەمتر دەکاتەوە کە دەبێتە هۆی ئەوەی هەلی زیاتر بۆ دەرچووانی ئامادەیی بڕەخسێت بڕوانامەی بەرز بە دەست بهێنن.
لەبەرامبەردا سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان خۆشحاڵی دەربڕی کە هێزوتوانستە زانستیەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی زانکۆوە دەخاتەگەڕ کە هاوشانی زانکۆکانی کوردستان نەوەیەکی پڕ هەگبەی زانستی سەردەمیانە گۆش بکەن، هیواشی خواست سوود لە ئەزمونی پسپۆڕانی زانکۆی سەلاحەدین وەربگرن وەک گەورە زانکۆی کوردستان لە زانکۆکەیان و چالاکی ئەکادیمی و زانستی هاوبەش ئەنجام بدەن و هەماهەنگی زیاتر لە نێوانیان هەردوو زانکۆ هەبێت.
بەروار : ٢٠١٦/٤/٦