
پرۆفیسۆری یاریدەدەری دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین بە ئامادەبونی بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمیە نێودەوڵەوتییەکانی زانکۆ پێشوازى لەشاندێکی زانکۆی ئەلنیلینی کۆماری سوودان بەسەرۆکایەتی دکتۆر ئەلرەشید راگری کاروباری قوتابیان و دکتۆر عیزەددین راگری کۆلێژی یاساو دکتۆر ئەلعەوز راگری کۆلێژی خوێندنی باڵا و شاندێکی یاوەری.
لە دیدارێکدا سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لەوەی زانکۆی سەلاحەدین لە چوارچێوەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی توانیویەتی پەیوەندی بەتین دروست بکات لەگەڵ زانکۆ عەرەبیەکان و ببێتە پردی پەیوەندی ئەکادیمی و زانستی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی، لەبەرامبەردا شاندی میوان دڵخۆشی خۆیان دەربڕی لەبەرامبەر ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیانکراوەو شادومان بوون بە پێشکەوتنەکانی کوردستان هەرچەندە رووبەڕوی قەیرانی دارایی بۆتەوەو لە جەنگی دژە تیرۆر دایەو بەغدا بودجەی لێبڕیوە، کەچی هێشتا بە پێوە وەستاوەو خۆڕاگرە و کار دەکەن بۆ ئایندەیەکی گەش، هەورەها شاندی میوان سەرسامبوون بە پیشکەوتنە زانستییەکانی زانکۆی سەلاحەدین و بەتایبەت لە ریزبەندی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆتە پێشەنگی زانکۆکان.
لە دیدارەکەدا جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولاکرایەوە بە تایبەت لە ئاڵوگۆڕی ئەزموونی زانستی و توێژینەوەی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکان بەتایبەت لە بواری یاساو زانستە ئیسلامییەکان لە ئاستی خوێندنی باڵا. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە رەوشی کاروباری قوتابیانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی کۆماری سوودان بەتایبەت لە زانکۆی ئەلنیلین کرا. پاشان لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە دیاری زانکۆی سەلاحەدین بەخشرایە شاندی میوان.
بەروار :٢٠١٦/٣/٧