
پرۆفیسۆری یاریدەدەری دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین پێشوازى لەشاندێکی باڵاى بانکى نێودەوڵەتى کرد کە پێکهاتبوون لە دکتۆر تۆمۆمى میاجیما بەڕێوەبەرى ئۆفیسى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى بانکى نێودەوڵەتى و دکتۆر عەلى ئەلعەنبورى راوێژکارى بانکى نێودەوڵەتى لە بەغدا و هەنا ئەلغالى بەرپرسى باڵاى هەماهەنگى پڕۆگرامەکان و مامۆستا لە زانکۆى ئەمریکى لە بەیروت. مەبەستى سەردانى شاندەکە بۆ کوردستان بۆ کۆبوونەوە بوو لەگەڵ سەرۆکى زانکۆکانى کوردستان و وەزیرى خوێندنى باڵا و ئەنجامدانى سمینارێک لە وەزارەت لە بوارى هەڵسەنگاندنى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارگێڕى زانکۆکان و رێکخراوەکانى خوێندنى باڵا(( الحوکمە - Governance))
. بانکى نێودەوڵەتى لە ساڵى ٢٠١٢ هەڵسەنگاندنێکى بەڕێوەچوونى ١٦ زانکۆى عێراقى ئەنجام دابوو کە زانکۆى سەلاحەدین و سلێمانى زاخۆ و نەورۆز و زانکۆى کوردستان لە نێوان ئەو زانکۆیانە دابوو. زانکۆکانى کوردستان بە گشتى و زانکۆى سەلاحەدین لە باشترین زانکۆکانى عێراق بوون لە زۆر بوارى بەڕێوەچووندا، بانکى نێودەوڵەتى بە نیازە خوولى دووەم بۆ ئەو هەڵسەنگاندنە بۆ زیاتر لە (١٠٠) زانکۆى عێراق و کوردستان ئەنجام بدات، سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین پێشوازیەکى گەرمى لە شاندى ناوبراو کرد و سوپاسى بانکى نێودەوڵەتى کرد کە بایەخ بە بەرنامەکانى لە کوردستان دەدات بە تایبەتى بەشداریکردنى زانکۆی سەلاحەدین لە سەرجەم چالاکیەکان، ئامادەیى زانکۆى پیشان دا سەبارەت بە هاوکارى تەواوى بانکى نێودەوڵەتى لە ئەنجامدانى هەر چالاکیەک لە کوردستان، لەلایەن خۆیانەوە شاندى ناوبراو سوپاسى زانکۆى سەلاحەدینیان کرد کە بەشدارى چالاکیەکانیان دەکات، ئەنجامەکانى هەڵسەنگاندن سەبارەت بە زانکۆى سەلاحەدین لە پێشەنگى زانکۆکان بووە لە زۆر لایەنى بەڕێوەبردندا وە هیوایان خواست لە خوولى دووەمى هەڵسەنگاندن زانکۆى سەلاحەدین کە چالاکى زیاترى هەیە وە ئەنجامەکانى ریزبەندى زانکۆکان دڵخۆشکەر بووە بۆ بانکى نێودەوڵەتى کە زانکۆى سەلاحەدین پێشەنگى زانکۆکان بووە. لە کۆتایى دانیشتنەکە دیارى زانکۆى سەلاحەدین پێشکەشکرا بە شاندى ناوبراو.
بەروار : ٢٠١٦/٢/٣