
لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە ئامادەبونی دکتۆر عاتف فەرهادی راگری کۆلێژی زمان و دکتۆر محەمەد عەزیز بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لە زانکۆی سەلاحەدین و مامۆستا تەلعەت تاهیر یاریدەدەری راگری کۆلێژی زمان پێشوازیکرد لە شاندێکی زانکۆی فیردەوسی لە شاری مەشهەدی کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێکهاتبوو لە دکتۆر محەمەد رەزا هاشیمی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆو دکتۆر ئیحسان قبول بەرپرسی سەنتەری زمانی فارسی و ئاغا محەمەد شێرزاد بەرپرسی رۆشنبیری لە کونسولخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ شاندی میوان گفتوگۆکرا لەسەر هاوکاری و دابینکردنی مامۆستا و پێداویستیەکانی بەشی زمانی فارسی لە زانکۆی سەلاحەدین لەلایەن سەنتەری زمانی فارسی لە زانکۆی فیردەوسی و هەروەها کردنەوەی سەنتەری فێربونی زمان و بەخشینی بڕوانامەی زمانی فارسی هاوشێوەی ئایڵس و تۆفڵی زمانی ئینگلیزی کە پێویستە بۆ پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا لە ماستەرو دکتۆرا. هەر لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و قوتابیان کرا بەتایبەت ناردنی قوتابیانی بەشی زمانی فارسی بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا تا ستافی ئەکادیمی بۆ بەشی زمانی فارسی دابین بکرێت و توێژینەوەو تێزی هاوبەش لەسەر زمان و ء ئەدەبی فارسی ئەنجام بدرێت. شیاوی باسە سەردانی ئەو شاندە یەکەم ودوا شاندی ئەکادیمی زانکۆ ئێرانیەکان نییە، بەڵکو لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەیان شاندی زانکۆ ئێرانیەکان سەردانی زانکۆی سەلاحەدینیان کردووەو رێکەوتننامەی لەیەکگەیشتنی ئەکادیمیان واژوو کردوەو لەسەر ئاستی باڵاش شاندی خوێندی باڵایان هاتوەو شاندی زانکۆشمان سەردانی زانکۆ ئێرانیەکان کردوە بوەتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوانیان و پێشخستنی ئاستی زانستی بە تایبەت بەردەوامیدان بە بەشی زمانی فارسی.
بەروار :٢٠١٦/٩/٢