![title](/sites/default/files/styles/article_intro_image/public/node-img/345_01504657609.jpg?itok=ZL5lVbap)
لە لێدوانێکیدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەبارەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی خوێندنی باڵا لە شاری هەولێر رایگەیاند: چەند ساڵێکە ئێمە لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەوڵی ئەوەدابوین کە وەک چۆن بۆ بەشێکی زۆری مامۆستایان یەکەی نیشتەجێبوون بە پاڵپشتی رێزدار سەرۆکی حکومەت تەرخانکردووە، ئەوهاش کارمانکردووە بۆ فەرمانبەران، بەڵام لەو کاتەی رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان تەواو بوو بڕیاری راگرتنی پڕۆژەکان درا، بۆیە بەخۆشحاڵیەوە لە ئێستادا هەفتەی رابردوو بە فەرمی ئاگادارکراینەوە کە ئەو پارچە زەوییەی بۆ یەکەی نیشتەجێبون فەرمانبەران تەرخان کرابوو بە واژوو رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانە بە نوسراوی ژمارە ٢٠٣ لە ٢٠١٥/٠٥/١١ هەڵاوێرد لە بڕیاری راگرتنی پڕۆژەکان کراوە، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە فەرمانبەران بەگشتی و فەرمانبەرانی خوێندنی باڵا گرنگی تایبەتیان لای سەرۆکی حکومەت هەیە. سەبارەت بەوەی شوێنی دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە کوێ دەبێت سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند: شوێنی دروستکردنیان لە کەرتی ١٥ی گردە رەشەی ئەسعەدە لە نزیک زەوی کەمپی زانکۆ لە رێگەی کەرکوک- هەولێر کە رووبەرەکەی ٢٧٢ دۆنم دەبێت. هەروەها ئاماژەی دا کە ئەو پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای دەنگ جێبەجێدەکرێت و راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەندازەوپڕۆژەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرپەرششتی دەکرێت بۆ گشت فەرمانبەرانی خوێندنی باڵایە کە نیشتەجێی شاری هەولێرن و سەدا حەفتا ٧٠% بۆ کارمەندانی زانکۆی سەلاحەدینە. دزەیی ئەوەشی گوت: شێوازی دابەشکردنەکەش مەرجی خۆی هەیە کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە لێژنەیەکی تایبەتی بۆ دادەنرێت تا مەرجەکان دیاری بکات، بەڵام ئەوەی گرنگە لای ئێمە ئەوەیە بە زووترین کات دەست بەجێبەجێکردنی بکرێت و ببێتە هۆی ئەوەی کێشەی نیشتەجێکردن لە نێو فەرمانبەران کەمتر بکاتەوە، لێرەوەش سوپاسی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ئەو دەرفەتە زێڕینەی پێداین و خەونی فەرمانبەرانی هێنایەدی.
بەروار :٢٠١٥/٥/٣٠