
بە ئامادەبوونى د.سەیوان بارزانى باڵیۆزى عیراق لە هۆڵەندا،رێکخراوى سپارکى هۆڵەندى ،کۆنفرانسێکى زانستى سەبارەت بە پەنابەران بە گشتى و ئەو قوتابیە پەنابەرانە ئەنجامدا ، کە لە دەرەنجامى شەڕى داعش زانکۆکانیان داخراون و روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە ،هەرێمێک کە هەمیشە شوێنى پێکەوە ژیان و فرە نەتەوەیى و ئاینیی بووە ،ئامێزى خۆى بۆ ئەو قوتابیە پەنابەرانە کردۆتەوە بۆ ئەوەى بەردەوامى بە پرۆسەى خوێندنى خۆیان بدەن .
لەو کۆنفرانسەدا د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین لە دوو پەناڵدا بەشدارى کردو لە یەکەمیاندا تیشکى خستە سەر گرنگترین هەنگاوەکانى زانکۆى سەلاحەدین بۆ لە ئامێز گرتنى ئەو قوتابیە پەنابەرانەو پێشکەش کردنى هەموو ئاسانکارییەک بۆیان ،بە تایبەت قوتابیە سورییەکان و چۆنیەتى بەردەوام بوونى ئەو بەرنامەیە.
هەروەها سەرۆکى زانکۆ بۆ بەردەوام بوونى بەرنامەکە داواى کۆمەکى کردنى لە رێکخراوى ناوبراو کرد،لە بەر ئەوەى هەرێمى کوردستان لە هە لو مەرجى ئەمڕۆکەدا بە قۆناغێکى سەخت و دژوارى ئابوورى دا تێپەڕ دەبێ .
هەر لەو پەناڵەدا فەتحى عەلى مورسى راوێژکار لە وەزارەتى بازرگانى هەرێمى کوردستان بەشدارى کردو ئاماژەى بەوەدا کە پێویستە کەرتى تایبەتى و حکومەتى هەرێمى کوردستان هاوکارى ئەو قوتابیە پەناهەندانە بکەن بۆ ئەنجامدانى پرۆژەى بچووکى بازرگانى .
لە پەناڵى دووەمدا کە سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین و سەرۆکى زانکۆى غازى عەنتاب لە تورکیا بەشدار بوون ،تاوتوێ ى رۆڵى گرنگى پرۆسەى پەروەردەوەو خوێندنى باڵا و گرنگترین ئاستەنگەکانى ئەو پرۆسەیە کرا لە بەردەم زانکۆکاندا بە هۆى هێرشەکانى داعش لە هەدوو وڵاتى عیراق و سوریادا، بۆیە هاوکارى کردنى رێکخراوە جیهانییەکان و زانکۆکانیان بە گرنگ زانى بۆ ئەو دوو وڵاتە بۆ بەرەنگار بوونەوەى ئاستەنگەکان و بەردەوام بوونى پرۆسەى خوێندنى قوتابیە ئاوارەکان لە هەرێمى کوردستاندا .
بەروار :٢٠١٦/١١/١٦