ئەمڕۆ رێككەوتی 5ی ئابی 2025 "پ.د. كامران یونس محمدامین" سەرۆكی زانكۆ، بە ئامادەبوونی "پ.د. حسین سعدی" یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و "م. حسین احمد مستەفا" بەرێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی كار و كارسازی، بڕوانامەی رێزلێنانی بەخشرایە مامۆستایان و قوتابییانی بەشدار لە پرۆگرامی ئاڵوگۆرى زانستى جیهانى.
جێگای ئاماژەیە هەردوو پرۆگرامى (Global Solutions Conversation) و (Global Solutions Challenge) بە هەماهەنگى سەنتەری پەرەپێدانی كار و كارسازی زانکۆی سەلاحەدین (CDC) لەگەڵ ڕێکخراوی (IREX)، بە شێوازى ئۆنلاین لەساڵى خوێندنى ئەکادیمی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەرێوەچوون کە تیایدا چالاكییەكان لەلایەن زیاتر لە 50 قوتابى بە تایبەت لە کۆلێژى پەروەدە بە سەرپەرشتى چەند مامۆستایەک لە هەمان کۆلێژ ئەنجامدران، هاوكات چەند قوتابییەک لە کۆلێژەکانى (ئەندازیارى، ياسا، زمان و پەروەدەى بنەڕەتی لە یەکێک لە پرۆگرامەكان بەشداریان کردووە.
لە هەر پرۆگرامێكدا قوتابییانى زانکۆى سەلاحەدین لەگەڵ قوتابییانى بیانى لە کۆلێژ و زانکۆکاکانى ئەمریکا بەیەکەوە بۆ ماوەى شەش هەفتە كاریان كردووە، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە جیهانییەکان (Global Solutions) بۆ چارەسەرکردنى کێشە جیهانى و هەنووکەییەکان كە لە هەردوو پرۆگرامدا، ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پەیوەندی ئۆنلاین ئەنجامدراوە لەگەڵ قوتابیانی کۆمەڵگە و کولتووری جیاواز، لەوانەش (ئەمریکا، ئوردن، عێراق) ئامانج لە کارکردنی هاوکارانە بوو لەسەر پرسەكانی بەردەوامی، کارسازی کۆمەڵایەتی، و دیزاینکردنی چارەسەری نوێ.
سەرەڕای پەرەپێدانی کارامییەکانی وەک گفتوگۆی نێودەوڵەتی، بەڕێوەبردنی پڕۆژە و توانای کارکردن بەشێوەی تیم لە میانی چالاكییەكاندا هەر گروپێكی قوتابییان كاری لەسەر یەکێک لە ئامانجەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان (17 UN SDG) كردووە.
ئامانجە سەرەکییەکانى ئەم پرۆگرامەش بریتیبوون لە پەیوەندی نێوان کەلتوورەکان و پەرەپێدانی گفتوگۆی نێودەوڵەتی، پەرەپێدانی چارەسەری بەردەوامی بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ئامادەکردنی قوتابییان بۆ مەیدانی کار و ڕاھێنانی لێهاتووییە كردارییەكان.
ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین - هەولێر.