
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە شاری ئیرلانگنی وڵاتی ئەڵمانیا بەشداری کۆنفڕانس و وێرکشۆپی هەماهەنگی ئەکادیمی عێراق- ئەڵمانیا دەکات، کە ماوەی چوار رۆژ بەردەوامی دەبێت و تیایدا دوازدە سەرۆک زانکۆی عێراقی بەشداربوون و لە هەرێمی کوردستانیش سەرۆک زانکۆکانی سلێمانی و زاخۆو دهۆک بەشداربوون، ئەمە جگە لە بەشداری سەرۆک بەشەکانی تایبەت بە خوێندنی پسپۆڕی ئابووری لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق.
لە دەستپێکی کۆنفڕانسەکەدا پ.ی.د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وتارێک پێشکەشکرد کە لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە چالاکییە زانستی و ئەکادیمیەکانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و زانکۆی سەلاحەدین کردو ئامادەبوانی دەستخۆشیان لە زانکۆی سەلاحەدین کرد.
هەر لە کاتی بەڕێوەچونی کۆنفڕانسەکەدا دیاری زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکەشکران و پاشان سەردانی هەریەک لە زانکۆکانی ماربێرگ و فۆلسبێرگ لەو شارە کرا.
شیاوی باسە ئەو کۆنفڕانسە ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن سەنتەری دیراساتی عێراقی سەر بە زانکۆی ئیرلانگن- نۆرینبێرگ و رێکخراوی دادی ئەڵمانی پشتگیری دارایی لێدەکرێت و بڕیاریشە کۆنفڕانسی داهاتوو لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ئایندە بە میوانداریەتی زانکۆی سلێمانی لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.
بەروار :٢٠١٦/٥/٢٣