سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی لە شاری لوندنی وڵاتی سوید بە میوانداریەتی زانکۆ لوند بەشداری لە کۆبونەوەی ئیراسمۆس پلەسی یەکێتی ئەوروپا کرد. جێگەی باسە بەرنامەی ئیراسمۆس پلەس تایبەتە بە هەشت زانکۆی ئەوروپی و ئێرانی و کوردستانی، لە هەرێمی کوردستان هەردوو زانکۆی سەلاحەدین و دهۆک بۆ ماوەی سێ ساڵە بەشدارن لەو بەرنامەیە کە یەک ملیۆن یۆرۆ تەرخان کراوە بۆ چەندین بابەتی جیاواز لە خوێندنی ماستەرو مەشقکردن و کڕینی ئامێرو چەندین چالاکی لە بوارەکانی جیۆتەکنیک و جی ئای ئێس(GIS) و ریمۆت سێنسینگ و گۆڕینی کەشوهەواو ئاسایشی پاراستنی خۆراگ و ژینگە.
لە میانی کۆبونەوەکەشدا خاتوو ئێڤا وێبرگ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی لوند پێشوازیەکی گەرمی لە هەردوو سەرۆک زانکۆکانی سەلاحەدین و دهۆک کردو ئامادەیی خۆشی نیشاندان لە هاوکاری و هەماهەنگیکردنی ئەکادیمی و زانستی لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، لەودیدارەدا خاتوو ئێڤا ئاماژەی بە رۆڵی وڵاتی سوید کرد سەبارەت بە ئاوەرە کوردەکان و پاڵپشتی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دژ بە شەڕی تیرۆرستانی داعش.
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی لوند خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لە کۆبونەوەی داهاتوی ئەو بەرنامەیە بەشداری بکات کە بڕیاروایە لە مانگی ئەیلولی داهاتوو لە شاری دهۆک ئەنجام دەدرێت. لە کۆتایی دیدارەکەدا هەردوو سەرۆک زانکۆ کە لە هەرێمی کوردستانەوە بەشداری ئەو بەرنامەیەبوون لۆگۆی زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی دهۆکیان پێشکەش بە خاتوو ئێڤا وێبرگ کرد.
بەروار :٢٠١٦/٣/١٤