ئەمڕۆ سێشەممە رێککەوتی ٢٦/١/٢٠١٦ لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەددین، دکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیاى وڵاتى ئێرانی کرد کە پێکهاتبوون لە پرۆفیسۆر دکتۆر سەید حەسەن سەیدین سەرۆکی زانکۆی ناوبراو و شاندی یاوەری و لەگەڵ نوێنەرانی باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا و کونسوڵگەرى ئێران لە هەولێر.
لە دانیشتنەکەدا، کە دکتۆر ئیبراهم حەمەرەش یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ ئامادەی بوو، شاندی میوان سەرسامی خۆیان بە پێشکەوتنەکانی کوردستان بە گشتی و زانکۆکانی کوردستان لە بواری خوێندن دەربڕی هەر بۆیە ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لە بوارەکانی زانستی و پزیشکی. هەر لەو دانیشتنەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین خۆشحاڵی خۆی بۆ شاندی میوان دەربڕی لە دانیشتنێکی زانستیدا باس لە کارو چالاکییەکانی زانکۆ و چۆنییەتی پێشخستنی ئاستی زانستی و پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لەنێوان هەردوو زانکۆی ناوبراو کرا. بۆ ئەم مەبەستە رێککەوتنی زانستی لەنێوان هەردوو زانکۆ واژووکرا و هەروەها زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیا ئامادەیی خۆی دەربڕی لە وەرگرتنی بەشێک لە قوتابیانی خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی دکتۆرا. لەلایەکى دیکەوە شاندی میوان ئامادەیی خۆیان دەربڕی لەو پرۆژە زانستیانەی کە ئێستا لە تاراندا هەیانە تا بیگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان. هاوکات لە کۆلیژى زانستى زانکۆى سەلاحەددین شاندى میوان چەند ۆرکشۆب ئەنجام دەدەن، سەبارەت بەو پرۆژانەى کە لەبەردەستیاندایە بۆ قوتابیان و مامۆستایانى زانکۆى سەلاحەددین بخەنە روو.
شایەنی باسە زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیاى یەکێکە لە زانکۆ دێرینەکانى وڵاتى ئێران کە لە ساڵی ١٩٢٩ لە تاران دامەزراوە. خاوەنی چەندین پرۆژەی زانستییە لە ئێران. هەر هەمان رۆژ سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە دکتۆر مەحمەد ئیحسان سەرۆکی زانکۆی سابیس لە هەولێر کرد و تیادا باس لەهەلومەرجە زانتستیەکانى نێوان هەردوو زانکۆ کرا بۆ چۆنیەتى پێشخستن و پێشکەوتنى زانست لەهەموو بوارەکاندا.
بەروار :٢٠١٦/١/٢٦