
کاتژمێر (١٠)ى بەیانى رۆژى پێنجشەممە ٢٦-١-٢٠١٧، د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین، لەدیوانى سەرۆکایەتى زانکۆدا پێشوازى لە (کاتسیۆمى مۆراسۆیى) کونسڵى گشتى وڵاتى ژاپۆن، لەهەولێر کرد، ئەمەش دواى ئەوەى کونسڵگەرى ژاپۆن لە هەولێر کرایەوە، ئەمەو لەسەرەتاى کۆبوونەوە سەرۆکى زانکۆ هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هاوکات سەرۆکى زانکۆ بەکورتەیەک باسى لە مێژووى زانکۆى سەلاحەددینى کرد، کە بەزانکۆى دایک ناسراوە، لەتەوەرێکى دیکەدا باس لەو سێکتەرانە کرا، کە دەکرێ وڵاتى ژاپۆن رۆڵى گرنگى هەبێ لە پرۆسەى خوێندنى باڵا لە کوردستاندا، هەروا باس لە کردنەوەى سەنتەرى فێربوونى زمانى ژاپۆنى کرا لەسەنتەرى زماندا، ئەوەش خرایە روو کە ئەگەرى ئەوە هەیە لەداهاتوویەکى نزیکدا بەشى زمانى ژاپۆنى لە کۆلیژى زمان بکرێتەوە، هەر لەو دیدارەدا سەرۆکى زانکۆ دیارى پێشکەش بە کونسڵى گشتى وڵاتى ژاپۆن کرد، کە بریتى بوو لە لۆگۆى زانکۆى سەلاحەدین و وێنەیەکى قەڵا و منارە لەسەر مافوور.
ئەوەى شیاوى باسە کونسڵى گشتى لەهەمان رۆژدا سەردانى کولیژى زمان و سەنتەرى زمانى زانکۆى سەلاحەددین کرد، تا لەنزیکەوە ئاشناى پرۆسەى خوێندن بێ لەزانکۆدا.
بەروار :٢٠١٧/١/٢٧