
بۆ 21ی شوبات؟ زمانی دایک چیە؟ کاریگەری زمان لە پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو چیە؟
ساڵی 1952، کۆمەڵێک لە قوتابیانی بەشی پزیشکی لە زانکۆی داکا لە پایتەختی بەنگلادیشی ئێستا، خۆپیشاندانی ئاشتیانەیان ڕێکخست بۆ ئەوەی زمانی بەنگالی لە پاڵ زمانی ئۆردو وەک زمانی دووەمی خوێندن و نووسینی دەوڵەت بە ڕەسمی بناسێنرێ. [ئەو کات بەنگلادیش، بەشێک بوو لە وڵاتی پاکستان و بە پاکستانی ڕۆژهەڵات ناودەبرا]. بەڵام خۆپێشاندەران کەوتنە بەر زەبری توندوتیژی هێزەکانی پۆلیس و ژمارەیەکی زۆریان کوژران و بریندار بوون. دوای سەربەخۆی بەنگلادیش، بەنگالیەکان کەوتنە هەوڵدان بۆ بە جیهانی کردنی ئەو یادە، تا لە 17ی11ی1999 ڕێکخراوی یونسکۆ ڕۆژی (21ی شوبات)ی وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دیاریکرد و لە ساڵی 2000ەوە هەموو ساڵێک، لە زۆربەی لە وڵاتاندا چالاکی جۆراوجۆر بەمەبەستی ڕێزگرتن لە زمانی دایک ئەنجامدەدرێ.
ئەم ساڵ 2024ڕێکخراوی یونسکۆ بە دروشمی "پـەروەردەی فـرە-زمـانی وەک یەکێک لە پایەکانی فێرکردن و فێربوونی نێوان نەوەکان" گرنگی بە چالاکیەکانی ئەم بۆنەیە دەدات.
زمانی دایک؛ ئەو زمانەیە کە مرۆڤ لە سەرەتای تەمەنی منداڵیەوە لەناو خێزاندا فێری دەبێ و لە ژینگەیەکی گونجاودا لەگەڵیدا گەشە دەکات. ئەمە بۆچوونی فیلۆلۆگی بەناوبانگی روسی "ڤلادیمێر بێلکۆڤ"ە.
ئەو پێیوایە کە زمانی زگماکی یا زمانی دایک، ئەو زمانەیە؛ کە منداڵ بەبێ ڕاهێنان فێری دەبێت، وە لەڕووی دەروونیەوە ئاسودەیە لە گۆکردن بەو زمانە، کە دەکرێ ئەو زمانە هەمان زمانی باوک یان دایکی منداڵەکە بێ و درێژکراوەی لایەنی نەژادی و گواستنەوەی کلتوری نەوەکانی پێشتری خێزانەکەی بێت.
بەڵام هەندێکجار دەکرێ (زمانی زگماکی یان زمانی یەکەم یانیش زمانی دایک)، زمانی نەژادی هیچ کام لە دایک و باوکی منداڵەکە نەبێت. بەڵکو ئەو زمانەیە کە:
- بێ ڕاهێنان لە تەمەنی کەمتر لە یەک ساڵی فێری بووە،
-هیچ سەختیێک نابینێ لە بیرکردنەوە بەو زمانە.
-زۆر ئاسوودەیە لەڕووی دەروونی لەکاتی گۆکردن بەو زمانە.
- زۆر ئاسان پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجامدەدات بەو زمانە.
بەکورتی، دەتوانین بڵێین؛ زمانی(دایک، زگماک، یەکەم)، ئەو زمانەیە کە منداڵ هەر لە ساواییەوە پێی گۆش دەکرێت و فێر دەبێت گۆی پێ بکات. واتا ئەو زمانەی لە 8 مانگی تا 4 ساڵی منداڵ فێری دەبێت. جا ئەگەر قۆناغی منداڵی بەتەواوی وەربگرین، دەکرێ زیاتر لە زمانێک، زمانی یەکەم یان زگماکی منداڵ بێت. واتا لە تەمەنی 1 ساڵی تا 12 ساڵی.
لە ڕووی پەروەردەییەوە، زمانی یەکەم(زمانی دایک، للغة الٲم، Mother Tonge، زبان مادر، Родной Язык، Ana Dil)، بە خاڵی هەرە گرنگ و لەپێشینە و گەوهەری دادەنرێ بۆ چۆنیەتی بەدەستهێنانی گونجاوی کۆمەڵایەتی منداڵ، دروست بوونی ئەندێشە و بیرکردنەوە، چۆنیەتی گۆکردن و فێربوونەکان بەگشت ڕەهەندەکانی فێرکردنەوە.
"لێڤ ڤیگۆتسکی" لە تیۆرەکەیدا دەربارەی گرنگی زمان بۆ منداڵ، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە زمانی یەکەم بە کلیل و دەروازەی فێربوونەکانی منداڵ بناسێنێ. پێیوایە کە توانا و لێهاتوویی منداڵ لە زماندا کاریگەرە بۆ سەرکەوتن لە بەدەستهێنانی کارامەی و لێهاتووییەکانی تری فێربوون.
ئێمە وەک کورد، کە نەتەوەێکی بێ دەوڵەتی دابەشکراوی نا ڕێکخراوین. سەرەڕای بەهێزی ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەهۆی هەبوونی زمانێکی دەوڵەمەندی تایبەت بەخۆمان، توانیومانە پارێزگاری لانی کەمی کلتوری خۆمان بکەین.
ئەگەر لە ڕابردوودا ئەمە هەم بەهۆی جوگرافیای سروشتی نیشتمانەکە و هەم بەهۆی وابەستەیی کۆمەڵایەتی خێزانەکانەوە وا کەوتبێتەوە، لە داهاتوودا هیچ یەکێک لەو هۆکارانە پاساوی پارێزگاری لە زمان و مانەوەی ناکەن. چونکە سروشتی پەیوەندی و کارلێکی جیهانی لە ئێستادا بەهۆی تەکنۆلۆژیا کاراتر و خێراترە، هەروەها وابەستەی خێزانیش لاوازتر. بۆیە ئەرکی ناوەندە پەروەردەییەکانە بە پلەی یەکەم(باخچەی منداڵان، قوتابخانەی بنەڕەتی، قوتابخانەی ئامادەیی و پیشەیی تا زانکۆکان)، بەلاکردنەی تەواوی خێزان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەربارەی زمان سەختترە.
زمانی یەکەم، زمانی دایک یان زمانی زگماکی؛ هەنگاوی یەکەمە بۆ فێربوونەکانی تر بەگشتی و زمانی دووەم و سێیەم بەتایبەتی! ئەگەر وردبینەوە لە خەڵکی خۆمان، چ ئەوانەی پەڕاگەندەی وڵاتانی دیکە بوون و چ ئەوانەی لەناوەخۆی کوردستان سەروکاری فێربوونی زمانی دووەم و سێیەم دەکەن، سەختی زۆر و ماندووبوونی بەردەوام دەبینین. لەبەر چی؟ وەڵامەکەی ڕوونە.
چونکە ئێمە زمانی یەکەم یا زمانی دایک باش نازانین! ناتوانین باش بەزمانی یەکەم بیر بکەینەوە، جا چۆن فێری زمانی دووەم ببین! بەو شێوەیەی کە هەیە.
بە دیوێکیتردا ئەگەر وردبینەوە لە خوێندنی قوتابخانە نیودەوڵەتی و ئەهلیەکانی هەرێمی کوردستان، زۆرینەی منداڵان، زمانی قوتابخانەکە(ئینگلیزی، تورکی، فەرەنسی و هتد)، زۆرباش فێر دەبن. هۆکارەکە هێندەی پەیوەندی بە قۆناغی تەمەنی منداڵەکەوە هەیە، هێندەش پەیوەندی بە شێوازی فێربوون و ماوەی فێربوون و ژینگەی فێربوونەکە هەیە. بۆیە دەبینین کە زۆرینەیان کورت دێنن لە ئاسان گۆکردن و بیرکردنەوە بە زمانی ماڵەوە(زمانی دایک).
ئێمە دەبێ هەوڵبدەین، لەماڵەوە، لە شەقام و ناوەندەکانی پەروەردە تا دەگات بە ڕاگەیاندن، زیاتر پیتە بە زمانی کوردی بدەین(بۆ نەتەوەکانیتریش ئەوە ڕاستە). هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا، ئەرکی حکومەتە کە هەلی کار لە کەرتی تایبەتدا باشتر بڕەخسێنێ بۆ کورد-زمانەکان، تا چیتر خەڵکی هەڵپەی ئەوە نەکەن منداڵەکانیان بخەنە قوتابخانەێک کە زمانێکی بیانی تیادا فێرببێ. چونکە وەک پێشتر باسمانکرد، یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی نەتەوەییمان، زمان بووە لەپێشتردا
ئەردەلان لەتیف
نووسەر و مامۆستای زانکۆ