
پرۆفیسۆری یاریدەدەری دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین بە ئامادەبونی پرۆفیسۆر دکتۆر ئیبراهیم حەمەڕەش یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و دکتۆر محەمەد عەزیز بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمیە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆ پێشوازیکرد لە رۆژنامەڤانی بەناوبانگی هەنگاری جیۆرجی کاکۆک، لە دیدارێکدا باس لە بانگەشەی سەربەخۆیی کوردستان لە میدیاکانی جیهانی کرا، کە رۆژنامەنوسی ناوبراو یەکێکە لەو رۆژنامەنوسانەی لەسەر ئاستی جیهان رۆڵی کاریگەری هەبوە لە گەیاندنی دەنگی ئەو میللەتانەی ویستی سەربەخۆییان هەیەو بارودۆخی جیهانی بۆتە ئاستەنگ لە راگەیاندنی سەربەخۆیی، کاکۆک کە ئەندامی پارتێکی سەرەکی هەنگارییە زۆر سوورە لە بەرگریکردن لە مافەکانی کوردو گەیاندنی دەنگی نەتەوەیی کورد بە جیهان و لە بواری میدیاییدا کار دەکات بۆ ئەوەی لۆبییەک دروست بێت بۆ پشتگیریکردن لە سەربەخۆیی کوردستان و لە رابردووشدا رۆڵی گرینگی هەبوە لە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆو تەیمووری رۆژهەڵات و ئەو نەتەوانەی لە سەدەی بیست و یەک سەربەخۆییان راگەیاندووە.
لە دانیشتنەکەدا سەرۆکی زانکۆ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە دڵسۆزی و خەباتی رۆنامەوانێک لە پێناوی میللەتێک. شیاوی باسە بڕیارە ئەو رۆژنامەنوسە لە بەشی راگەیاندنی کۆلێژی ئەدەبیات و سەنتەری رۆشنبیری کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین سمینارێک ساز بکات و دیمانەی رۆژنامەوانی لەگەڵ چەند کەناڵی ئاسمانی کوردستان ساز بکات.
٢٠١٦/٢/٩