
رۆڵى ئەکادیمیان و رۆشنبیرانى کوردستان لەپرسى دواى ریفراندۆم و کاردانەوەى کۆمەڵگەى مەدەنى، ناونیشانى سمینارێک بوو، کە لەهۆڵى سەنتەرى رۆشنبیرى زانکۆى سەڵاحەددین سازکرا، تیایدا زۆرێک لە ئەکادیمیان و رۆشنبیرانى بەتوانا لەو سمینارەدا ئامادە بوون، سەرەتاى سمینارەکەش بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانى پاکى شەهیدانى کوردستان دەستى پێکرد لەتەک سروودى ئەى رەقیبى نیشتمانى، لەپاشاندا د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین لەتەک بەخێرهێنان و ئامادە بوون لەم سمینارەدا، باسى لەوە کرد، کە گەلى کوردستان ئێستا لە قۆناغى دواى ریفراندۆمە، لەو نێوەندەشدا جەختى لەوە کردەوە دەکرێ هەموو ئەکادیمیان و رۆشنبیرانى کوردستان هەر لە شوێنى خۆیەوە دەتوانى پەیامى ئاشتى رابگەیەنێ بە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ئەمەش لەرێگەى زۆربە ئامرازەکانى گەیاندن وەک ئەنتەرنێت، بەشێوەى نامە ناردن بۆ هەموو ئەو دءستانەى، کە لەسەرانسەرى جیهان هەمانە، هاوکات باسى لەرۆڵى ئەکادیمیان و رۆشنبیرانى کوردستان کرد لەم قۆناغەدا، تا هەموو بابەتە ئاشتیخوازەکانى بخرێتە رووى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، هاوکات لەپاش وتەکانى سەرۆکى زانکۆ، لەلایەن د. سامان شاڵى وەک ئەکادیمیانێک و رۆشنبیرێک سمینارەکەى گرتە ئەستۆ و کۆڕەکەى بەڕێوەبرد و لەنێوەندى وتەکانى چەندین پرسیارى گەوهەرى خستە روو، وەک ئێمە وەک ئەکادیمیان و رۆشنبیرانى کوردستان لەدواى ریفراندۆم چى بکەین تا بەشێوەیەکى ئەکادیمى نامەکانمان بگەیەنینە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و جیهان، هاوکات باسى لە قۆناغە مێژووییەکان کرد، کە گەلى کوردستان پێیدا تێپەڕ بووە، هەر لەرێککەوتنامەى سایکس بیکۆوە، لەلایەکى دیکەوە چەندین خاڵى دیکەى خستە روو سەبارەت بە سەربەخۆیى و کۆنفیدڕالى، باسى لەبنەماکانى کۆنفیدڕاڵى کرد و هەموو ئەو خاڵانەشى خستە روو، کە دەکرێ دواى سەربەخۆیى کۆنفیدڕاڵى رابگەیەندرێ لەنێوان دوو وڵاتدا، دیارە جەختیشى لەوە کردەوە، کە ئامانجى گەلى کوردستان سەربەخۆییە، لەخاڵێکى دیکەدا باسى لەو سەروەریانە کرد کە لەسیستەمى کۆنفیدڕالیدا دێتە ئارا، لەتەک ئەو سەروەریانەى، کە لەسەربەخۆیى وڵاتدا بوونى هەیە، لەلایەکى دیکەوە باسى لەهەموو ئەو ئامرازانە کرد، کە تیایدا ئەکادیمیان و رۆشنبیران دەتوانن پەیوەندى بکەن بەکەسایەتی ئەکادیمى و زانکۆ و کۆڕبەندى جیهانى و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، بەوەى کە گەلى کوردستان لەهەموو روویەکەوە ئاشتیخوازە و دەیەوێ بە ئاشتیانە هەموو کێشە و گرفتەکانى چارەسەر بکرێ لەگەڵ بەرامبەردا، بۆ ئەمەش چەندین نموونەى هێنایەوە بۆ زیاتر گەیاندنى نامەکان بەکۆمەڵگەى نێودەوڵەتى.
هەر لەنێوەندى ئەو سمینارەدا ئامادەبووان چەندین راوبۆچوونیان خستە روو، کە هەموویان زیاتر بۆ پتەوکردنى بابەتەکە بوو، لەدواتردا هەموو ئامادەبووان لەسەر ئەوە رێککەوتن بۆ هەر وڵاتێک و دوستان و زانکۆکان و کەسایەتییەکان هەر یەک بەشێوازێک نامە بنێردرێ تا دۆخى کوردستان و هەموو هەنگاوە ئاشتیخوازەکانی گەلى کوردستان بخرێتە روو بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیى، تا ئەو نامە و گەیاندنانە ببێتە هۆیەک تا لەهەموو روویەکەوە هەوڵە ئاشتیخوازەکانى گەلى کوردستان بۆ سەربەخۆیى لەنێوەندى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەهەند وەربگیرێ و لەهەموو جیهان هەوادار و دۆست پەیدا بکرێ.
لەپاشاندا د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین هەموو ئامادییەکى دەربڕى بۆ گەیاندنى هەموو پرسەکان بۆ زانکۆکانى جیهان و کەسایەتییەکان، هەموو ئەمانەش لەرێگەى نامەى ئاشتیخوازانە بۆ رووى جیهان.